ئەمیر چالی: پشتگیریی لە بە جیهانیبوونی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەکەین

ئەمیر عەبدولڕەحمان چالی، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئەمیر عەبدولڕەحمان چالی، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - واشنتن:

ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا سەرجەم زانکۆکانی کوردستانیش ڕێککەوتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ پەیمانگە و زانکۆکانی جیهان ئیمزا بکەن.

ئەمیر عەبدولڕەحمان چالی، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئیڤێنتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی لێکگەیشتن لەنێوان زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانیی لە واشنتن ئامادە بووین، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ زانکۆی دهۆک.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتگیرییەکی تەواو لە بە جیهانیبوونی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمەکە دەکەین.

ئەو ڕاوێژکارەی وەزیری خوێندی باڵا دەڵێت: هیوادارم قوتابییانی زانکۆی دهۆک سوود لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستایانی پەیمانگەی سیاسەتی جیهانیی لە واشنتن ببینین.

هاوکات گوتیشی: ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە بووە هۆی بەرەوپێشچوونی قوتابییانی زانکۆی دهۆک و توانییان سوودی لێ وەربگرن، ئەوا لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین زانکۆکانی دیکەی کوردستان ڕێککەوتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ پەیمانگە و زانکۆکانی جیهان ئیمزا بکەن.

ڕۆژی سێ شەممە (4ـی حوزەیرانی 2024)، زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە واشنتن، ڕێککەوتنێکیان بۆ کردنەوەی بەشی دیبلۆماسی لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک، ئیمزا کرد.