زه‌واهری: به‌غدادی بیانوو داوه ده‌ست ئێران بۆ له‌ناوبردنی سونه له عێراق
داوا له سونه‌ی عێراق ده‌كات شه‌ڕی درێژخایه‌نی پارتیزانی دژی شیعه بكه‌ن
K24 – هه‌ولێر
رێبه‌ری رێكخراوی قاعیده، ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری داوای له سونه‌ی عێراق ده‌كات ده‌ست به "شه‌ڕی درێژخایه‌نی پارتیزانی" دژی "داگیركاری نوێی سه‌فه‌وییه‌كان و خاچپه‌رستان" بكه‌ن.
زه‌واهری له په‌یامێكدا به توندی هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ریبه‌ری رێكخراوی داعش و به خوینڕشتن تۆمه‌تباری ده‌كات، كه پێی وایه بیانوو داوه ده‌ست ئێرانی سه‌فه‌وی و حكوومه‌ته‌كه‌ی له به‌غدا، سونه‌ی عێراق له‌ناو ببات.
گوتیشی: "پێویسته سونه‌ی عێراق ته‌نها به‌هۆی كه‌وتنی شاره‌كانیان به‌ده‌ست سوپای سه‌فه‌وی شیعه ته‌سلیم نه‌بن، به‌ڵكو دووباره خۆیان رێك بخه‌ن بۆ جه‌نگێكی درێژخایه‌نی پارتیزانی بۆ تیكشكاندنی داگیركاری نوێی سه‌فه‌وه‌ییه‌كان و خاچپه‌رستان له ناوچه‌كه‌كانیان، ھەر وەك چۆن پێشتر شكستیاندا".
هه‌روه‌ها داوا له لایه‌نگرانی له سوریا ده‌كات یارمه‌تی لایه‌نگرانی له عێراق بده‌ن، كه پێی وایه شه‌ڕه‌كه‌یان یه‌كه و سوریا درێژكراوه‌ی عێراقه و عێراقیش قووڵایی سوریایه.