سوهەیلا بە گوڵێك بەهار دێنیت

پیشەی گوڵاوگرتن چەند ساڵێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە و ساڵ لە دوای ساڵ ڕووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی بۆ ئەم مەبەستە بەکار دێن لە زیاد بوونە.
باخی گوڵ و گوڵاوگرتن سەرمایەیەکی کەمی دەوێ، بەڵام گوڵاوگرتنەکە پێویستی بە دامەزراندنی کارگەیەکی بچووکی هەیە کە ئەویش بە تێچوویەکی کەم هەر لە ناو ماڵەکاندا دادەمەزرێ.
محەممەد و سوهەیلە هاوژینن و هەموو ڕۆژێ شەشی بەیانی دەچنە باخەکەیان و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گوڵەباخن و لەم گوڵەکاندا گوڵاو دروست دەکەن.
ئەوان دەڵێن بۆ ئەوەی گوڵ زۆرترین بۆن و گوڵاوی لێ بەرهەم بێت دەبێ لە بەرەبەیانی زوودا بیچنن.
سوهەیلا بە هۆی حەزی کەسییەوە چەند ساڵ لەمەوبەر لە سووچێکی باخەکەیان بنەگوڵێکی چاندووە و دواتر ئەم بنە گوڵەی لە چەند ساڵێکدا زیادی کرد و ئێستا نزیک پێنجسەد بنەگوڵیان لە باخەکەیاندا هەیە. زۆری گوڵەکان بووەتە هاندەری بیرۆکەی بەرهەمهێنانی گوڵاو بۆ ئەوەی چیتر نەهێڵن گوڵەکانیان هەروا هەڵوەرێن.
محەممەدباقر حسێنی دەڵێ "بە تاکە گوڵێکەوە دەستمان پێکردووە ئێستا پەرژینی باخەکەمان بە گوڵەباخ داچاندووە، ئێستا بایەخی گوڵەکان لە خودی باخەکە زیاتر بووە و چەند ساڵێکە سەرقاڵین بە گوڵچنین و گوڵاوگرتن ئەمەش بووەتە پیشەیەک و سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئێمە".
پاش ئەوەی گوڵەکەیان چنی دەگەڕێنەوە ماڵەوە و سوهەیلا دەست دەکا بە گوڵاوگرتن. ئەوان ڕۆژانە پازدە کیلۆ گوڵ لە باخەکەیان دەچنن. لەبەر ئەوەی ئامیری گوڵاوگیرییەکەیان بچووکە، ئەم پازدە کیلۆیە بە دوو جار بەکار دێنن و هەر جارێک گوڵاوگرتن 5 کاتژمێر کاتی دەوێت و لە هەر جارێک لە نێوان 10 تا 12 لیتر گوڵاو بەرهەم دێنن.
سوهەیلا عەبدوڵلاهی بەدەم گوڵاوگرتنەوە دەڵێ "ئەو کارەی ئێمە دەیکەین و ئەو گوڵاوەی بەرهەمی دەهێنین تەواو سروشتییە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێدا بەکارناهێنین، تەنیا ئاوی سارد دەکەینە ئامێرەکە و ئاوێکی گەرم دەردەچێت، بەڵام گوڵاوەکە لە ڕێگەی دڵۆپاندنەوە بەرهەم دەهێنین بۆ نزیکەی شەش کاتژمێر نزیکەی 12 لیتر گوڵاو بەرهەم دەهێنین".
شەش ساڵە گوڵاوی سوهەیلا لە شاری جوانرۆ و پارێزگای کرماشان ناوبەنگی دەرکردووە.
ساڵی ڕابردوو بەشێک لە گوڵاوەکەی هەناردەی هەرێمی کوردستانیش کردووە. کاری گوڵاوگرتن لە ناوەڕاستی مانگی گوڵانەوە دەست پێ دەکا و بە لانی زۆر مانگێک دەخایەنێت. ئەو یەکەم ساڵ سی لیتر گوڵاوی بەرهەم هێناوە. پاش شەش ساڵ، ئەمساڵ بەرهەمی گوڵاوەکەی دە ئەوەندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 300 لیتر.