سروە ڕەسووڵ: هەرێمی کوردستان نۆیەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان سەنتەری ڕاوێژکاریی کۆچی تێدا دەکرێتەوە

ئەمڕۆ سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ لە هەولێر کرایەوە و بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی کوردستانیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەبێتە نۆیەم وڵات لەسەر ئاستی ئاستی جیهان ئەو سەنتەری تێدا بکرێتەوە بۆ پرس و بابەتی کۆچبەری.
پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، سروە ڕەسووڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی کردنەوەی سەنتەری کۆچ، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پرۆژەیە لە هەرێمی کوردستان گۆڕانی ڕیشەیی لە بابەتی کۆچ دەکات، لەگەڵ ئەوەی لەماوەی پێشوودا وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، سیستەمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانییان دامەزراند. سروە ڕەسووڵ گوتی، ئەو سیستەمە لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان بەکار دێت. دەشڵێت، سیستەمەکە هەرێمی کوردستان لەبابەتی کۆچ بە وڵاتان دەناسێنێت و دەیخاتە نێو بابەتەکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەوەی هەرێمی کوردستان بە پێوەری نێودەوڵەتی کار دەکات؛ ئێمە توانیمان ئەو پرۆژەیە بێنینە کوردستان.
سروە ڕەسووڵ پێی وایە ئەو پرۆژەیە، پرۆژەیەکی جیهانیی زۆر پێشکەوتووە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان نۆیەم وڵاتە ئەو سەنتەرەی تێیدا دابمەزرێندرێت کە چەندین وڵاتی جیهان پشتیوانیی دەکات، وەکو وڵاتانی دانیمارک، سویسرا، نەرویج، سوێد و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا. گوتیشی، هێنانی ئەو پرۆژەیە، هێنانی پشتیوانیی ئەورووپایە بۆ بابەتی کۆچ لە هەرێمی کوردستان کە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە گەنجان و هاونیشتیمانان دەکات لەبابەتی ڕاوێژکاریی و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی و دۆزینەوەی هەلی کار بەشێوەیەکی یاسایی لەو وڵاتانە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو ئەو وڵاتانەی لەبابەتی کۆچ بە تەواوی شێوازێکی پێشکەوتوو لە تێگەیشتن و بە سیستەم کردنی ئەو پرسە پەیڕەو دەکەن، بۆیە پرۆژەکە هەرێمی کوردستان لەو بارەوە دەباتە پێشەوە.
سروە ڕەسووڵ دەڵێت، ئەو سیستەمە بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجانە لەبابەتی کۆچ و دۆزینەوەی هەلی کار، هاوکات کارکردنە لەگەڵ زانکۆکان و وەزارەتی کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگریی بۆ کۆچی نایاسایی و دۆزینەوەی هەلی کار و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە شێوازی دەستکەوتنی هەلی کار، لەگەڵ ئەوەش کار دەکات لەسەر تێکەڵکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا و ڕاوێژییان پێشکەش دەکەن.
دەشڵێت، ئێمە هاووڵاتییان لە کۆچیی نایاسایی ئاگادار دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی ئەو سیستەمە، وڵاتە بەشداربووەکان بۆ دەرفەتی کار پێویستە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی دیپۆرت کردنەوەی پەنابەران لە دەرەوەی وڵات، سروە ڕەسووڵ گوتی، ئێمە لە بابەتی دیپۆرت کردنەوەی هاوونیشتمانیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات زۆر نیگەرانین، بەڵام بوونی ئەو جۆرە سیستەمانە و پشتیوانیی ئەو وڵاتانە هاوکارمان دەبن لەوەی بەخێرایی پەیامەکانمان بە وڵاتان و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان بگەیەنین، بۆ ئەوەی بتوانین تێیان بگەیەنین کە پێویستە بە یەک چاو سەیریی هاووڵاتی کورد عێراقی نەکرێت بۆ دیپۆرت کردنەوەیان. لە کاتێکدا یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، تاوەکو ئێستاش شنگال ئارام نییە بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، پێویستە ڕێز لە هاووڵاتییانی ئێمە بگرن لەنێو قەیرانەکاندا.
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی دیپۆرت کراونەتەوە کوردستان، سروە ڕەسووڵ گوتی، ئێمە هاوکاریی ئەوانەمان کرد کە گەڕێندرانەوە کوردستان، بەتایبەت هاوکاریی منداڵەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە قوتابخانە، لەگەڵ دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ گەڕاوەکان و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، لە هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی وڵاتان بەڕێوە چوو. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم سیستەمە دەستکەوتێکی نوێیە و لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.