یلدرم هه‌واڵێك سه‌باره‌ت به‌ كورد ره‌ت ده‌كاته‌وه‌

ئامانج له‌ ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نییه‌

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بینالی یلدرم هه‌واڵیكی گۆڤاری دێر شپیگل سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس و به‌ ئامانج كردنی كورد ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

یلدرم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هاوتا بولگارییه‌كه‌ی رایگەیاند: "له‌ ئۆپه‌راسیۆندا به‌ ئامانجكردنی كورد درۆیه‌كه‌ی گه‌وره‌یه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی جه‌رابلوس و چوونه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا بۆ ناو سنووری سوریا گوتی: "به‌رگری له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی توركیا و سوریا ده‌كه‌ین".

پێشتر دێر شپیگل رایگه‌یاندووه‌‌ ئامانجی توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ سوریا  گه‌لی كوردە، كه‌ رۆژنامه‌كانی ئه‌ڵمانیا، كورد به‌ قوربانی یه‌كه‌می هاوسه‌نگی نوێ ده‌زانن.

رۆژنامه‌ی ئورشه‌لیم پۆست له‌ نووسینێكدا راگه‌یاندووه‌ ئامانجی توركیا له چوونه‌ ناوه‌وه‌ی سنووری سوریا بۆ سنووردار كردنی پێشڕه‌وییه‌كانی جه‌نگاوه‌رانی كورده‌كانی سوریایه‌، كه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان.

پێشی وایه‌ ئه‌مریكا رۆڵێكی جادۆگه‌رانه‌ له‌ نێوان دوو هاوپه‌یمانی دژ به‌ یه‌كی خۆی لە شەڕی داعش ده‌گێڕێت و زۆر سه‌خته‌ نییه‌ كه‌ لایه‌نی توركی هه‌ڵبژێرێت و جارێكی تر خیانه‌ت له‌ كورد بكات.