ئەعیاد تۆفان: هێرشکردنە سەر براندە ئەمەریکییەکان لە بەغدا بە ئامانجکردنی حکوومەتەکەی سوودانییە

ئەعیاد تۆفان، شارەزای ئەمنیی و سه‌ربازی
ئەعیاد تۆفان، شارەزای ئەمنیی و سه‌ربازی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی ئەمنیی و سه‌ربازی، دەڵێت: ئامانجی گرووپە چەکدارەکان لە هێرشکردنە سەر براندە ئەمەریکی و بەریتانییەکان لە بەغدا ئەوەیە بە جیهان بڵێن عێراق ناسەقامگیرە، هەرەوەها مەبەستیانە لەو ڕێگەیەوە حکوومەتەکەی سوودانیش بە ئامانج بکەن.

ئەعیاد تۆفان، شارەزای ئەمنیی و سه‌ربازی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: هێرشکردنە سەر براندە بیانییەکان لە عێراق بەڕاستی زیان بە عێراقییەکان دەگەیەنێت، ئەمەش بۆ جیهانی سەلماندووە لە عێراق ئاسایشێکی لەرزۆک هەیە.

ئەو شارەزا ئەمنیی و سەربازییە، دەڵێت: هێرشەکان بۆ بڕواپێهێنانی خەڵکی نەزانە بە پاساوی هەست و سۆزە لەگەڵ خەڵکی غەززە، لەکاتێکدا هێرشەکان لە دڵی بەغداوە ڕوویان داوە، هەموو سەرانی سیاسی، هێزە ئەمنییەکان و گرووپە میلیشیاکان لە ناوچەی هێرشەکان نزیکن.

باسی لەوە کرد، هاوسۆزیی نیشاندان بۆ غەززە بە بایکۆتکردنی کاڵای بیانییەکان دەکرێت، نەک دروستکردنی گێرەشێوێنی و هێرشکردنە سەر چێشتخانە و براندەکانیان.

ئەعیاد تۆفان، گوتی: هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر براندە بیانییەکان بەهۆی 5 دۆنم زەوی وەبەرهێنانە لە ناوچەیکی هەستیاری بەغدا، سوودانی ڕازی نەبوو زەوییەکەیان پێ بدات ئەوانیش ئەو هێرشانەیان کردووە، هەروەها گرووپە چەکدارەکان مەبەستیانە بە جیهان بڵێن عێراق سەقامگیر نییە.

گوتیشی: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر بڕاندە ئەمەریکی و بەریتانییەکان مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن و سەر بە دامودەزگا ئەمنییەکانن، دەبێت سزا بدرێن چونکە گێرەشیوێنی دروست دەکەن و هاووڵاتییان دەترسێنن.

ئەعیاد تۆفان، ئاماژە بەوەش دا، هێرشکردنە سەر براندە ئەمەریکی و بەریتانییەکان لە بەغدا بە ئامانجکردنی حکوومەتەکەی سوودانییە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر هێرشەکان لە ئەنبار یان نەینەوا کرابان، دەگوترا ئەوە کارێکی تیرۆریستییە و تۆمەتی داعش و تیرۆریان دەخستە پاڵیان.

Fly Erbil Advertisment