شاندێکی دیوانی چاودێریی عێراق لە هەولێرە
شاندێکی دیوانی چاودێریی عێراق بە مەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتیی سێ مانگی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران، هاتووەتە هەولێر.
ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 07-06-2024، شاندێکی دیوانی چاودێریی عێراق بە مەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتیی سێ مانگی ئەمساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی مووچەی هێزی ئەمنی و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ گەیشتە هەولێر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، حکوومەت و دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، داوایان کردووە ئەو شاندە سەرەتا وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەو پێیەی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناو و زانیاریی هەموو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان بۆ بنێرێت، تاوەکووو مووچەکەیان بۆ خەرج بکات، بەڵام ئەو داوایە ڕەت کراوەتەوە و ئێستا بە جۆرێک ڕێککەوتن کراوە، هەردوو دیوانی چاودێریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر، وردبینی لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کرد بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن و ڕەوانەی چاودێریی دارایی بکەن.
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی نیسان و بەشێکی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە مووچەی هەردوو مانگی نیسان و ئایاری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "پێش جەژنی قوربان، مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لەبارەی کێشەی هێزە ئەمنییەکان چارەی کۆتایی نزیکە".
وا بڕیاریشە ئەم هەفتەیە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی ڕیشەیی کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق کۆ ببێتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.