گومان لە بڕوانامەی بەرپرسانی عێراق دەکرێت

پێگەی عەرەبی جەدیدی قەتەری ئاشکرای کردووە، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 500 بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی عێراق دکتۆرایان لە وڵاتانی دەرەوە بەدەستهێناوە، کە بەشێکی بڕوانامەکان گومانیان لەسەرە.
ئەو پێگەیە باس لەوە دەکات، بەرپرسانی عێراق بڕوانامەی ماستەر بە سێ هەزار و بڕوانامەی دکتۆرا بە پێنج هەزار دۆلار لە زانکۆکانی لوبنان، قوبرس، تورکیا و ڕووسیا وەردەگرن. زۆری ژمارەی بڕوانامەی دکتۆرا لەناو بەرپرسە عێراقییەکاندا بەهای بۆ بڕوانامەکە نەهێشتووە.
بەرپرسانی عێراق بڕوانامەکانیان بۆ بەهێزکردنی پێگە سیاسییەکانیان بەکار دەهێنن، لەم ڕوانەگەیەوە ساڵانە سەدان بەرپرس و میدیاکار و فەرماندەی سەربازی لە عێراق پەنا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتانی دەرەوە دەبەن.
پێگەی عەرەبی جەدیدی قەتەری ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەسەر بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لەلایەن بەرپرسانی عێراقییەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، لەچوار ساڵی ڕابردوودا 500 بەرپرس، مێدیاکار و فەرماندەی سەربازی عێراقی بڕوانامەی دکتۆرایان بەدەست هێناوە. بەم ژمارەیە زۆرە دکتۆرای سیاسییەکانی عێراق بەهای بۆ بڕوانامەکە نەهێشتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی عەرەبی جەدید بەرپرسانی عێراقی بڕوانامەی ماستەر بە سێ هەزار و دکتۆرا بە پێنج هەزار دۆلار دەخوێنن، زۆرینەی ئەو زانکۆیانەشی بەرپرسانی عێراقی بڕوانامەی لێ بەدەست دەهێن لە وڵاتانی لوبنان، هندستان، ڕووسیا، قوبرس و تورکیان. بەجۆرێک زانکۆکانی ئەو وڵاتانە کێبەرکێی بەدەستهێنانی قوتابی زیاتری عێراق دەکەن، بەشێک لەوانەی بڕوانامەی دکتۆرایان بەدەست هێناوە دادوەرن و بڕوانامەکانیان گومانیان لەسەرە. ئەو پێگە قەتەرییە ئەوەی خستووەتە ڕوو، بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە بە ئاسانی دەبنە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرە بەبێ خۆماندووکردن.
ژمارەی ئەو بەرپرسانەشی بەم دواییانە ڕوویان لە دەستخستنی بڕوانامەی باڵا لە وڵاتانی دەرەوە کردووە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشانە، کاردانەوەکانی تایبەت بە هەبوونی گەندەڵی لە پێدانی بڕوانامەکان وایکردووە بەشێک لە بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق سەرباری ئەوەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بەدەست هێناوە نەوێرن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.