حەوت قوتابی نابینا لە هەرێمی کوردستان ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن

حەوت قوتابی نابینا گەیشتوونەتە قۆناغەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنیان بە ڕێژەی %100 لێخۆشبوونی لە کرێی خوێندن بۆیان کردووە.
عەبدولوەهاب خاوەن پێداویستی تایبەتە و قوتابی خوێندنی باڵایە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، باسی چیرۆکی سەرکەوتنی بۆ کوردستان24 کردووە و داوا دەکات خاوەن پێداویستی تایبەتەکان بە ئومێدەوە لە ژیانیان بڕوانن، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ وزە شاراوەکەی بەکاربهێنێت.
ئەو نابینایەیە لە دوای لە دەستدانی چاوەکانی کۆڵنەدانی کردووەتە ڕێنیشاندەری ژیانی، عەبدولوەهاب قوتابی خوێندنی باڵایە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، نموونەیەکە بۆ هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە دوای لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەییان بێهیوا دەبن لە ژیان.
عەبدلوەهاب ئەحمەد، قوتابی بە کوردستان24 دەڵێت، هەر کەسێک بڵێت کەم ئەندامیم بەربەستە لە کار و خوێندنم ئەوا بەهەڵەدا چووە، چونکە گرنگ ئەوەیە مرۆڤ ئەو وزەی لە ناخیدایە بەکاری بهێنێت، هەر کاتێک خەونت کردە کردار، بەرهەمی دەبێت."
ئێمەش وەکو هەموو مرۆڤێكی دی قوربانیمان بە لایەنی کۆمەڵایتی و خێزانی و کۆمەڵێک شتی گرنگی ژیان داو، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو ڕۆژەی کە بەرهەمەکەی بخۆین".
چاوی ئەوان دەستەکانیانە کە نوسینی برایلی پێ دەخوێننەوە، ساڵانە 100 قوتابی نابینا لە پەیمانگای ڕووناکی نابینایان دەخوێنن و بەشێکیشیان خوێندن تەواو دەکەن و وەک چاوساغێک هەوڵی بڕینی قۆناغەکانی تری خوێندن دەدەن.
د، حەسەن یوسف، بەڕێوبەری پەیمانگای ڕووناکی نابینایان، گوتی، " لە کارنامەی کابینەکانی دیکە لە پاڵ ناوی خاوەن شەهید و ئەنفالکراوەکان ناوی نابینایان دەهات، بەڵام لە کارنامەی کابینەی نۆ لە خاڵێکی سەربەخۆ باس لە خاوەن پێداویستی تایبەت و بایەخ پیدانیان دەکات، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو کارنامەی کابینەی نۆیەیە کە نابینا لە پەیمانگا و زانکۆ و خوێندنی باڵاش پڕۆسەی خوێندن بەردەوامی پێ بدەن، لایەنێکی گرنگی خاوەن پیداویستی تایبەت پەروەردو خۆ ڕۆشنبیر کردنە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی دەرفەتی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەخساندووە لەناوەندەکانی خوێندن، ئەوا دەرفەتیشی پێداون بۆ ئەوەی ببن بە قوتابی خوێندنی باڵا، بۆ ئەمساڵیش حەوت قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەخوێنن کە بەڕێژەی %100 لە کرێی خوێندن بەخشراون.