د. هاوڕێ کەمال: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بارمتە گیراوە

د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاسایی نییە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بە بارمتە بگیرێت تاکو شاندی چاودێریی دارایی ورد بینی دەکات، لە خشتەی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.

شەممە، 8ـی حوزەیرانی 2024، د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هاتنی شاندی چاودێری دارایی، بابەتێکی ئاساییە ئێمەش ئەوە جێبەجێ دەکەین کە بێن بە هاوبەشیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ورد بینیی لە خشتەکە دەکەن، تائێرە بابەتێکی ئاساییە. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، بە بارمتەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە تاکوو بە گوتەی خۆیان، ئەو ورد بینییە دەکرێت.

بە گوتەی ئەو ڕاوێژکارە، "ئەگەر لە عێراق ئەم شتانە لەلای خۆیان ڕوو بدات و وردبینیش بکرێت، بۆ یەک چرکە مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان لە هێزی ئەمنی و عەسکەری و مەدەنیش دوا ناکەوێت".

ئەو ڕاوێژکارە گوتیشی، "بابەتە نائاساییەکە ئەوەیە کە مووچەی هەموو هێزی عەسکەری و مەدەنییەکانی هەرێم ڕادەگیرێت، کێشەی بچووک هەر ڕوو دەدات. بەڵام هیچ مانای نییە مووچەی هەزاران هەزار خەڵکی ڕابگیرێت. شێوازە هونەرییە نهێنییەکەی ئەوەیە مووچەکە دەنێریت لە کاتی خۆیدا. ئەگەر لە وردبینی جیاوازیی دەرچوو، دەتوانرێت بۆ مانگی داهاتوو یاخود چەند مانگی داهاتوو تۆ ئەو جیاوازییە بگێڕیتەوە، بەڵام ناکرێت مووچەی خەڵکی ڕابگری بە بیانووی ئەوەی کە وردبینی دەکەن".

هاوڕێ کەمال دەشڵێت، "ئەو قسانەی من دەیکەم قسەی من نییە قسەی ئەو یاساییە کە بڵاو بووەتەوە، یاسای بودجە. لە خشتەی ج حەشدی شەعبی 237هەزار و 75 مووچەخۆری هەیە، هەمووی لە پلە 10 دانراوە بۆچی؟ بۆ ئەوەی هیچ وردبینییەکی تێدا نەکرێت. کە دەپرسی نە دیوانی چاودێری نە ئەوانی دیکەش نایەن بپرسن بڵێن بۆ ئەمە پلەی ئەوەندەیە و مووچەی ئەوەندەیە؟ مووچەی بنەڕەتی دەرماڵەی حەشەدی شەعبی حکوومەتی عێراق هەمووی بەیەک پلە داناوە، مووچەکەیان بە کاش پێ دەدەن نە ناویان دیارە نە لیستیان".

هاوڕێ کەمال گوتی، "پەرلەمانتارانی ئێمە بەدەنگی خەڵکی کوردستان بوونەتە پەرلەمانتار کە دەبێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە بە پێچەوانەوە دژایەتی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، پەرلەمانتاری عێراقن پێویستە بڕۆن داوا لە دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق بکەن و پێیان بڵێن کوا لیست و ناو و مووچە هێزە ئەمنییەکانی ئێوە کوا؟."