وەزارەتی دارایی: سبەی مووچە دابەش دەکرێت

K24 - هەولێر:
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای گەیشتنی بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سبەی دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار.
ئەمڕۆ شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەی یەکشەممە مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابەش دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دامودەزگاکانی تر لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گوژمەی یەکەمی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە بڕی 107 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی درایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.