ئانۆ جەوهەر: کابینەی نۆیەم ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاڵنگارییە بوویەوە کە بۆی دروست کرا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری ئیگڵ پۆست، کە تایبەتە بە کاروباری پۆستە و گەیاندن؛ لە شاری هەولێر کردەوە.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە ڕایگەیاند،"ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان دەنێت".

ئانۆ جەوهەر گوتیشی: بە کردنەوەی سەنتەری سەرەکیی پۆستەی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی هاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەت و پێکهێنانی کۆمپانیای "ئیگڵ پۆست"ـی تێکەڵاو بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی پۆستە، ئێمە لەوەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەنگاوێکی گرنگ دەنێین لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و خەرجی هاووڵاتیان و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی ئێمە لە کەرتی پۆستە دەیکەین، هەنگاوێکی بچووکە لە تێڕوانینی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەکەرتی پۆستە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی کردەوە، "بوونی خزمەتگوزاری پۆستە بەشێوەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو هەروەک دروستکردنی پردێکی متمانەپێکراوی ناوخۆیی و دەرەکییە کە هاووڵاتیانمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە."

ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش کرد، "لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندا، بە پشتیوانی خوای گەورە دواتر بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت و هاوکارانمان لە ئەنجوومەنی وەزیران توانیمان چەندین پڕۆژەی گرنگ جێ بەجێ بکەین و پەرەی پێ بدەین.

دەشڵێ، توانیومانە پڕۆژەی گەیاندنی ئینتەرنێت بە ماڵان کە ناسراوە بە "FTTH" بە کێبڵی تیشکیی گەیشتووەتە زیاتر لە 400 هەزار ماڵ، هەروەها بەردەوامین لە بەهێزکردن و فراوانکردنی تۆڕەکانی ئەو خزمەت گوزارییە.

گوتیشی: پڕۆژەی گەیاندنی ئینتەرنێتی خێرا گەیشتووەتە 3700 فەرمانگەی حکوومەت، بەردەوامیشین بۆ فراوانکردنی تۆڕەکە تاوەکوو بگاتە سەرجەم قەزا و ناحییەکان و دەروازە سنوورییەکان کە ئەمەش بڕبڕەی پشتی پڕۆژەی "ئی گۆڤەرمێنت"ـە.

ئانۆ جەوهەر ڕاشیگەیاند، "خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق و چەندین وڵاتانی دراوسێ بە چەندین هەنگاو لە پێشترە؛ لە ڕووی نرخ و کوالێتی خزمەتگوزاریەوە. هەروەها لە پێناو پاراستنی بەهاکانی خێزان، پاکێجی خێزانیمان داناوە. کە لەم پاکێجەدا، چەندین بابەت فلتەر و بلۆک کراون، وەک "توندوتیژی، نیشاندانی ڕێکلام و ماددە هۆشبەرەکان، سایتە پۆڕنەکان، ڕێکلامی جگەرە و خوارندنەوەی کحولی، چەک، سووکایەتی بە ئاینەکان و گشت ئەو بابەتانەی کە لەگەڵ ڕەوشتی بەرزی کوردستانیان یەک ناگرنەوە."

باسی لەوەش کرد، لەکەرتی گواستنەوە ڕێکخستنی تاکسییەکان لە ڕێگەی کارتی زانیاری و لۆگۆکان خەریکە کۆتایی پێ دێت، کە زیاتر لەسەدا 80ـی تەواو بووە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەنگاو دەنێین بۆ دەست پێ کردنی پڕۆژەی تاکسی میکەر.

ئانۆ جەوگەر دەشڵێت: تیمی وەزارەت لەگەڵ هاوتاکانمان لە حکوومەتی فیدراڵ، دوای زیاتر لە چوارساڵ و نیو لە گفتوگۆ بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، توانیمان کۆنووسێکی هاوبەش لە وەزارەتی گواستنەوە لە بەغدا ئیمزا بکەین لە پێناو مافی ڕەوای کوردستانیان لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی گەشەپێدان.

سەبارەت بە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی یەکەمن لەسەر ئاستی عێراق، لە دواترین هەڵسەنگاندنی "ئایکاو" فڕۆکەخانەی هەولێر لە سەدا 80ـی بەدەست هێناوە، هەروەها وەزارەتی گواستنەوە کۆتایی هێنا بە ماستەر پلانی فڕۆکەخانەی دهۆک کە لەلایەن کۆمپانیایەکی شارەزا جێبەجێ دەدرێت.

وەزیری گواستنەوە، ئاماژەی بەوەش دا، کابینەی نۆیەم بەسەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران، ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئاڵنگارییە بوویەوە کە بۆی دروست کرا، کابینەی نۆیەم کابینەی شکاندنی کارە ئەستەمەکانە و گۆڕینی ئاستەنگەکانە بۆ دەرفەت. بۆیە، بەڵێن بە ئێوە و بە هاووڵاتیان دەدەین کە بەردەوام دەبین لە خزمەت کردن. هەروەها، بڕوای تەواومان بە دۆزی گەلی کورد هەیە و لەو پێناوەدا هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان، "ئەگەر خوا یار بێت بە هەموو دونیا نەیار بێت".