بڕیارێکی نوێی حکوومەتی تورکیا شوفێری مینی پاسەکانی ئەنقەرە نیگەران دەکات
بڕیارێکی نوێی حکوومەتی تورکیا بۆ ڕیکخستنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە، شۆفیرانی مینی پاسەکانی ئەنقەرەی نیگەران کردووە.
بڕیارەکەی حکوومەت یەکەمجار، بە کەمکردنەوی هێڵەکانی گواستنەوەی دامودەزگا حکوومییەکان دەستی پێکردووە بەهۆیەوە نیوە زیاتری شۆفێرەکان بێکار دەبن و وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە پشتی پاسەکانیان نووسیویانە "تکایە پیشەکەم لێ تێک مەدەن".
یوسف ئاکدەمیر، بە شۆفیریی بژێویی ماڵ و منداڵی پەیدا دەکات و نیگەرانە بۆ داهاتووی سەرجەم شۆفێران و دەڵیت"35 ساڵە ئەم ئیشە دەکەم داهاتی ژیانم لە سەر ئەم کارەیە، ئەم بڕیارە کاریگەریی زۆر خراپ لە سەر بژێویمان دەبێت، کارێکی دیکەم نییە و3 منداڵم هەیە. هەر من نیم و سەرجەم شۆفێرەکان بێکار دەبن و زیانیان پێ دەگات، ئێمە سوودمان بۆ حکوومەت و خەڵکیش هەیە".
هەروەها مووتلوو ساڵام، شوفێرێکی دیکەی مینی پاسەکانی نێو ئەنقەرەیە و دەڵێ"ئەنقەرە شارێکە پڕ لە فەرمانبەرە، لانی کەم نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر هەن. ئەمەش لە توانای مێترۆ و پاسەکاندا نییە و توانای گواستنەوەیان نابێت بۆیە بڕیارەکە قورسایی دەخاتە سەر سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوە، ئێمە باج دەدەین بە حکوومەت و دوو ڕۆژ جاریک سووتەمەنی دەکرێن و سوودمان بۆیان هەیە ".
بەگشتیی، لە سەرتاسەری توکیا 5 ملیۆن و52 هەزار و409 فەرمانبەر هەیە، بۆ گواستنەوەی ڕۆژانەی ئەم فەرمانبەرانە 110 هەزار مینی پاس تەرخان کراوە.
بڕیارەکەی حکوومەتی تورکیا، کاریگەریی لەسەر ژیانی سەرجەم فەرمانبەران وشۆفێران دەبێت، لوقمان سولمەز- سکرتێری گشتیی سەندیکای شۆفێری مینی پاسەکانی ئەنقەرە بڕیارەکە بە هەڵە دەزانێت و لەو بڕوایەدایە زیانەکانی لە قازانج زیاترە و دەڵێ "لە دوای ئەم بڕیارە هەموو شۆفێرەکان مایە پووچ دەبن، لە بەر ئەوەی هەموو قەرزداری بانکن و دواتر ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە. لە ئەنقەرە زیاتر لە 7 هەزار پاسی گواستنەوەمان هەیە و 6 هەزاری تایبەتە بە فەرمانبەری دامودەزگا حکوومەتییەکان. لە ڕاستیدا پاسەکانی گواستنەوە زیادە نین، بەڵکوو یارمەتیدەرێکی باشن بۆ کەمتر بە کارهێنانی ئۆتۆمبیلی کەسی، چونکە لە پاسێکدا 20 کەس دەگوازینەوە ئەگەرپاسەکان نەمێنن ئەم فەرمانبەرانە سەیارەکانیان دێننە سەر شەقامەکان بۆیە کاری ئێمە کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی و خەرجییەکانە".
بڕیارەکە حکوومەتی تورکیا نەک هەر زیانی بۆ شوفێران و هۆکارێک دەبێت بۆ دروست بوونی قەرەباڵغییەکی پێشبینی نەکراو لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، بەڵکو حکوومەت خۆشی لە وەرگرینی %45 داهاتی پاسەکان بەناوی باج بێ بەش دەبێت و بێکاریش زیاتر دەکات.