چاودێرێکی سیاسی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لای وڵاتان گرنگ نییە
چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەینێت، ئەو کێشانەی لە نێو ماڵی سوننەکان یان کوتلە سیاسیە سوننەکاندا هەن، هی ئەمڕۆ نین و بەڵکو هی چەند ساڵی ڕابردووە. هەروەها پرۆژە سیاسییەکانی خۆیان لە دەستداوە کە پێویست بوو خزمەتی پێکهاتەی سوننەی پێ بکەن.
خالید دەبوونی، چاودێریی سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کێشانەی لە نێو ماڵی سوننەکان یان کوتلە سیاسیە سوننەکاندا هەن، هی ئەمڕۆ نین، بەڵکو هی چەند ساڵی ڕابردووە.
ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەش کرد، ئەو پارتانە پرۆژە سیاسییەکانی خۆیان لە دەست داوە کە پێویست بوو خزمەتی پێکهاتەی سوننەی پێ بکەن. بۆیە ئەو ململانێیەی هەیە لەسەر پۆست و ئیمتیازاتی دەسەڵاتە، ئەوە کێشەی سەرەکیی ئەو پارتانەیە کە کاریگەری هەبووە.
خالید دەبوونی ئاماژەی گوتیشی: پێشتر وڵاتانی دراوسێ لە ساڵی 2018 و 2021، هەژموونیان لە عێراق هەبووە کاریگەریان لەسەر بڕیارەکان هەبووە، بەڵام ئێستا ئەو کاریگەرییەیان کەم بووەتەوە، چونکە پەرلەمان بۆ وڵاتانی زلهێز زۆر گرنگی نییە.
دەشڵێت: ئەو بڕیارانەی ئێستا دەدرێن لەنێو خودی ماڵی سوننەکانە، هیچ ئەجێندا و پلان و بڕیاری نێودەوڵەتی لە پشتەوە نییە. ئێستا دوو لایەن هەیە کە یەکێکیان محەممەد حەلبوسییە، کە دەیەوێت کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان دابنێت لە ئەنبار نەبێت، چونکە دەیەوێت جەماوەری خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بمێنێت، هەروەها لایەنی دووەم پشتیوانیی سالم عیساویی دەکەن و دەیانەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێت.
چاودێرە سیاسیەکە ئاماژەی بەوەش دا، ڕوونە کە پارتی تەقەدوم جەماوەر و نوێنەرانی لە پەرلەمان لەدەست داوە، کە لە 44 کورسییەوە بوەتە 24 کورسی، ئەمەش بەهۆی ئەوە بووە کە ئەدای سیاسی تەقەدوم باش نەبووە.
ڕۆژی پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتیی زیاد جەنابی، کوتلەی موبادەرەیان ڕاگەیاند و جیابوونەوەی خۆیان لە حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەندامانی کوتلە نوێیەکەی سوننەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە پێناو دەربازکردنی پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لە چەقبەستوویی، ئەو بڕیارەیان داوە و بەشێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا مامەڵە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوی کوتلەدا هاتووە: "كوتله‌كه‌مان په‌یڕه‌وی بنه‌مای یه‌كهه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات و داوای به‌ده‌ستهێنانی ئامانج و داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه به‌ڕێزه‌كه‌مان ده‌كه‌ین له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له ڕێككه‌وتنی سیاسی‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌ماكه‌ی حكوومه‌ت پێكهێنرا. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه داوا له‌سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵمان هاوكار بن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان".
ئەندامانی کوتلەی موبادەرە بریتییە لە (زیاد جەنابی، عەدنان جحێشی، غاندی محەممەد کەسنەزانی، کەریم ئەبو سۆدە، حامید کەرغولی، فەهد مشعان، بەسمە بەسیم و یەحیا عیساوی) هەروەها هەردوو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا (عەممار حەمدانی و عەلی عیساوی).