حەییان عەبدولغەنی: بەرەوپێشچوونی باش هەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد: بەرەوپێشچوون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەین.

ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دەست بە گفتوگۆ دەکەینەوە.

وەزیری نەوتی عێراق جەختی کردەوە: لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەرەوپێشچوونی باش هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ڕۆژی (9ـی حوزەیرانی 2024)، ئومێد سەباح، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە کە لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە.

ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەکرد: لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پرسەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان و پرسی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و میکانیزمی ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسە تاووتوێ کران.