ئوسترالیا: گەنجێكی 18 ساڵ بە تەنیا و بە ئاسماندا گەشت بە جیھاندا دەكات

گەنجێكی ئوسترالی دەبێتە بچووكترین كەس لە رووی تەمەنەوە، كە بە تەنیا و بە فڕۆكەیەكی یەك بزوێنەر، كۆتایی بە گەشتێك ھێنا بە جیھاندا.

ئەو گەنجە ناوی لاكلان سمارتە، تەمەنی 18 ساڵ و 7 مانگ و 21 رۆژە. واتە بە ساڵێك لە (مات گۆتمیلەر)ی ئەمریكر بچووكترە، كە پێش ئەو ھەڵگری نازناوەكە بوو.

دوای مات، لاكلان وەك كەم تەمەنترین كەس، كە گەشتی بە تەواوی جیھاندا كرد، ناوی چووە ناو مێژوو.

سمارت كە خەڵكی ویلایەتی كوینزلاندە، دەسپێكی گەشتەكەی لە فڕۆكەخانەی مارۆچیدۆر دەست پێ كرد و 24ی مانگی تەممووزی رابردوو لە ھەمان فرۆكەخانەشدا نیشتەوە و كۆتایی بە گەشتەكەی ھێنا.

لەو گەشتەیدا كە 7 ھەفتەی خایاند، سمارت لە 24 شوێن 15 دەوڵەت راوەستا و لە بارەی سەختییەكانی گەشتەكەیشی دەڵێت " كەشوھەوا و پەیوەندی كردن بە چاودێرانی جوڵانەوەی ئاسمانی، دوو لە گەورەترین سەختییەكان بوون كە لەو گەشتەمدا رووبەڕوویان بوومەوە"