كلینتۆن پێنج خاڵ له‌ پێش ترامپه‌

جیاوازی نێوانیان زۆر كه‌می كردووه‌

K24 – هه‌ولێر

كلینتۆن باڵاده‌ستی ره‌های خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ترامپ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ده‌ست ده‌دات.

به‌پێی دوایین راپرسی، پاڵێوراوی دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا هیلاری كلینتۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 5% خاڵ له‌ پێش دۆناڵد ترامپی پاڵێوراوی كۆمارییه‌كانه‌، كه‌ پێشتر 12 خاڵ له‌ پێش بوو.

به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، له‌ راپرسی رۆژانی 22-25 ئاب، 41% به‌شدارانی راپرسییه‌كه‌ ده‌نگیان به‌ كلینتۆن داوه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژی هه‌شتی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت. له‌ كاتێكدا كه‌ 36% ده‌نگیان به‌ ترامپ داوه‌. به‌ڵام نزیكه‌ی 23% هێشتا بڕیاریان نه‌داوه‌ به‌ كێ ده‌نگ بده‌ن، یان به‌شداری هه‌لبژاردن ناكه‌ن.

له‌ راپرسییه‌كی پێشوودا، كلینتۆن 12% له‌ پێش ترامپ بوو، رێژه‌ی ده‌نگدان به‌ كلینتۆن له‌ نێوان 41 بۆ 45% دایه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو ترامپ به‌هۆی دامه‌زراوه‌ی خێرخوازیی بنه‌ماڵه‌ی كلینتۆن و نامه‌ نهێنییه‌كانی له‌ سه‌رده‌می وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ توندی هێرشی كرده‌ سه‌ر كلینتۆن، كه‌ ئاماده‌ نییه‌ لایه‌نی كۆمه‌كبه‌خش به‌ دامه‌زراوه‌ی‌ خێرخوازیی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ئیمه‌یله‌ نهێنییه‌كانی ئاشكرا بكات.