پارێزگاری هەولێر: ڕێگریی له زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر موڵكی گشتیی و بازاڕه میللییه‌كان بكرێت
پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دام و دەزگاکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگریی له زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر موڵكی گشتیی و بازاڕه میللییه‌كان بكرێت.
سێشه‌ممه (11ـی حوزەیرانی 2024) ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و به ئاماده‌بوونی جێگرانی پارێزگار و یاریدەری پارێزگار، تەواوی قائیمقامەکان و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری ئیدارەی پارێزگای هه‌ولێر، لە کۆبوونەوەیەکدا ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ڕاسپارد، ڕێگریی له زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر موڵكی گشتیی و بازاڕه میللییه‌كان بكرێت.
پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، پێویسته ته‌واوی ئاسانكاریی له پێناو ڕاییكردنی مامه‌ڵه و كاروباریی هاووڵاتیان بكرێت و هه‌وڵ بدرێت ڕۆتین له فه‌رمانگه‌كان كه‌م بكرێته‌وه.
ئومێد خۆشناو، داوای کرد ڕێز لە هاووڵاتیان بگیرێت و کاروبارەکانیان بە کەمترین ماوە بە پشتبەستن بە ڕێسا و یاسا بەرکارەکان ڕایی بکرێت، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، بایەخدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ڕێگەوبان و دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی بۆ گوندەکان جەختی لەسەر کرایەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای هەلێر، پرسی ئاو ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بووە کە پارێزگاری هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ڕاسپاردووە ،كێشه‌ی ئاو له وه‌رزی هاویندا بنبڕ بكرێت و ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانیش بۆ ئەو پرسە ڕاگه‌یه‌ندرا.
كۆبووهنهكه گفتوگۆی له‌باره‌ی پرسی قوربانیكردن له ڕۆژانی جه‌ژنی قورباندا كرد، پارێزگاری هەولێر داوای کرد هاووڵاتییان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی له نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون بن و له پێناو سه‌لامه‌تییان، سه‌ربڕخانه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كار بهێنن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه و لابردنی زێده‌ڕۆییه‌كان له بازاڕه میللییه‌كان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بووە کە تێیدا جه‌خت لە جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككارانه کرایەوە کە ده‌بنه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بە پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی قه‌یسه‌ری و له‌نگه‌ی هه‌ولێر و له‌پێناو دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ سه‌ر كاری ڕۆژانه‌ی خۆیان کرا.