سوپای یەمەن کوژرانی 336 چەکداری حووسی راگەیاند

هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" و لە کاتژمێرەکانی رابردوودا، 1,087 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبردووە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 336 چەکداری حووسی کوژراون.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، یەکە سەربازییەکان و بەرگریی جەماوەری لە تائیز بەردەوامن لە هێرشە پێچەوانەکان، پێگە گرنگەکانی گۆڕەپانی جەنگی کردووەتە ئامانج. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان لێدانی چڕیان ئاراستەی کۆبوونەوە و هێزەکانی پشتیوانی و پێگەکانی ئەو میلیشیایانە کردووە و زیانی زۆریان بە ریزەکانیان و تواناکانیان گەیاندووە.

ئاماژی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا،  فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانەی مەیدانی و مووشەکهاوێژ بەکارهێنراون، و کۆبوونەوەکانی میلیشیا حووسییەکان، هێزەکانی پشتیوانی، سەرچاوەکانی ئاگرکردنەوە، قەڵاکان، ئامرازەکانی جووڵە و دابینکردن و هەروەها چەکە قورسەکانیان کراونەتە ئامانج.

  روونیکردەوە، لە بەرەکانی جەوف، مەئرەب، بەیزا و بەرەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوا، چالاکییەکانی چاودێری و زانیاری کۆکردنەوە هاوکات بوون لەگەڵ لێدانی ئاگرینی چڕ، کە هەوڵەکانی دزەکردن و هێنانی هێزی یەدەگی پووچەڵ کردووەتەوە و توانای میلیشیاکانی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانی لەنێوان میحوەرەکاندا سنووردار کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی کوژرانی 336 کەس لە سەرکردە و ئەندامانی میلیشیاکان، هەروەها تێکشکاندن و لەکارخستنی 112 ئۆتۆمبێل، زرێپۆش، کەرەستە و ئامرازی دابینکردن و ژمارەیەک چەکی قورس.

گوتەبێژی  هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیکردەوە،، هێزە چەکدارەکان بە ورەیەکی بەرزەوە بەردەوامن لە پەرەپێدانی چالاکییە سەربازییەکانیان و بەدواداچوونی تواناکانی میلیشیاکان و سەرچاوەکانی هەڕەشە، هاوکات رێوشوێنە پێویستەکانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دامەزراوە مەدەنییەکان گرتووەتەبەر.