فه‌خری كه‌ریم: سه‌رۆك بارزانی کەسێکی بە وەفا، هۆشیار و خاوەنهەڵوێستە

به‌شی سێیه‌م
فه‌خری كه‌ریم، له سه‌ره‌تای به‌شی سێیه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط)، سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له مامه‌ڵه‌كردنیدا له‌گه‌ڵ پرسی كورد و خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانی و ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی له دیدگەی كه‌سانی دیكه‌وه هه‌یه‌تی. ده‌رباره‌ی ڕیفراندۆمیش ڕوونی ده‌كاته‌وه، ڕیفراندۆم به پێی پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤ كراوه و خواستی گه‌لێك بووه كه یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێی داوه پیاده‌ی بكات، به‌ڵام له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه بۆ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره سیاسیی و ده‌ستوورییه‌كه‌ی قۆسترایه‌وه.
فه‌خری كه‌ریم، پێی وایه جەلال تاڵەبانی له گه‌یاندنی پەیامەکاندا شاره‌زا بوو. ده‌شڵێت، بڕوای تاڵه‌بانی وابوو بڕیاردەرانی ئێران زیرەکن و هیوادار بوو "ئەوان هەڵەی گرەو لەسەر بەڕێوەبردنی بەغدا لە تارانەوە نەکەن، بەتایبەتی دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌ی پێشوو كه هه‌وڵ درا بەیرووت لە دیمەشقەوە به‌ڕێوه ببرێت". به گوته‌ی فه‌خری كه‌ریم، جەلال تاڵەبانی پێی وابوو کە پێکهاتەی ڕۆحیی عێراقی "ئەستەمە ڕێگه بدات عێراق ببێته پاشكۆی ئەمەریکا، ئێران، یانیش تورکیا". ناوبراو، هاوكات نایشارێته‌وه، شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بۆ داڵده‌دانی هه‌شتا ئه‌فسه‌ری عێراقی، كه له جه‌نگی دژ به ئێران به‌شدار بوونه و چه‌ند جارێك له لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی دیاریكراوه‌وه به ئامانج كراون، دابین كردووه.
فه‌خری كه‌ریم باس له‌وه ده‌كات، تاڵەبانی ستایشی حافز ئەسەد، سەرۆککۆماری کۆچکردووی سووریای کردووه، به‌تایبه‌تی وه‌ك ده‌ڵێت "لەبەر ئه‌و پاڵپشتییه لەبیرنەکراوهی لە دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون تا پاسپۆرتەکان، پێشکەشی کردین". ناوبراو ئاشكرای ده‌كات تاڵه‌بانی له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه په‌یامێكی ئامۆژگاری بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ناردووه و تێیدا ئه‌وه‌ی خستبووه ڕوو، ئەو "جیهادییانەی" کە سووریا سنوورەکانی بۆ کردبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ناو عێراق به پاساوی شه‌ڕكردن له دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ڕەنگە دواتر بۆ سووریا بگەڕێنەوە، ئەمەش ڕووی دا!
فەخری کەریم دوای ئەوەی لە ساڵی 1982 بەیرووت لە دوای لەشکرکێشییهكانی ئیسرائیل بە جێ دەهێڵێت، لە دیمەشق نیشتەجێ بووە و له‌وێ دامەزراوەی (ئەلمەدا)ـی بۆ چاپ و وەرگێڕان و ڕێکخستنی پێشه‌نگای کتێب دامه‌زراندووه و چالاک بووە، هاوكات له پاڵ چالاکییە سیاسییەکانی، کە ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساند، پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای مەدەنی و سەربازی دروست بکات.
به‌شار ئه‌سه‌د، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2000 پۆستی سه‌رۆككۆماری وه‌رگرت، پێشوازیی له فه‌خری كه‌ریم كردووه، كه ناوبراو ئه‌م دیداره‌ی له‌بیر ماوه و ده‌ڵێت "هه‌ستم كرد مه‌به‌ستیه‌تی و ئاماده‌یی تێدایه گوێم لێ بگرێت، نه‌خاسمه له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ زۆرێك له ڕۆشنبیراندا هه‌م بوو. پێم گوت ڕاسته ئۆپۆزسیۆن ده‌نگی هه‌یه، به‌ڵام گوتاره‌كانیان زۆربه‌ی ئه‌رێنییه. ئێوه ئه‌مڕۆ باس له نوێبوونه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تێكه بۆ كرانه‌وه، ئه‌گه‌رچی سنوورداریش بێت له‌ناویشیاندا هه‌ڵبژاردنه‌كان. جه‌نابی سه‌رۆككۆمار ئایا كه‌سێك هه‌یه كێبهركێت بكات له كاتێكدا تۆ نوێنه‌ری حزبی به‌عسیت به هه‌موو بنكه و دامه‌زراوه و تواناكانییه‌وه؟" هه‌روه‌ها پرس و بارودۆخی كوردی سووریام له‌گه‌ڵیدا تاوتوێ كرد و پێم گوت زۆرێك له كورد ناسنامه‌ی باری كه‌سییان نییه، ته‌نانه‌ت بهڵگهنامهیهكییان نییه كه ڕێگه‌یان پێ بدات بگه‌ڕێن و له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه بڕۆن. پێم گوت، کاتێک لە ناوچەی خاپوور ده‌په‌ڕمه‌وه، تێبینی ده‌كه‌م ناوچە مێژووییە کوردنشینەکان ناوە کۆنەکانیان لابراوه و بۆ ناوی عەرەبی گۆڕراون و ئەمەیش هەستیارییەکان زیاتر ده‌ورووژێنێت. ئه‌سه‌د له به‌رانبه‌ردا وەڵامی دامەوە و گوتی: "من ڕازی نیم، دڵنیا بە ئەم دۆسییە لە لای منە و هەواڵی ئەرێنیشی لە باره‌وه دەبیستن".
لە کۆبوونەوەیەکی دواتردا دوای ئه‌وه‌ی گۆڕان له عێراق ڕووی دا، چەند جارێک چاوم پێی کەوت، لە یەکێک لەوانەدا سڵاو و نیگەرانیی سەرۆک تاڵەبانیم سەبارەت بە پرسی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی چەکداران بۆ ناو عێراق و ئەو مەترسییانەی بۆ عێراق دروستی دەکه‌ن كه ڕەنگە دواتر بۆ خودی سووریایش ببنه مه‌ترسی، پێ گەیاند. ئه‌سه‌د له‌م باره‌وه گوتی، هێزی گەورەمان دامەزراندووه بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەڵام چی بکەین؟ هەندێک عەشیرەت هەن و ژمارەیەک قاچاخچیش هەن، چۆن قاچاخچییەک بگرین کە بە سەد دوو سەد دۆلارێك ڕازی بکرێت؟
بە به‌شار ئەسەدم گوت من فەخری کەریمم کە ئێوە دەینناسن و مەحاڵە ئەوەی دەیزانم به لایەنی ئەمه‌ریکی بڵێم. جەنابی سەرۆک من دڵنیام، کە تیرۆریستان لە شوێنێکی دیاریکراوەوە كه من ده‌یزانم كوێیه، نەک لە هەموو سنوورەکانەوە دزە دەکەنە ناو عێراق. دەزانم دۆخی سووریا کۆنترۆڵ کراوە و ڕێگە نادات باڵداریش بیبەزێنێرت، به گوللـه ده‌خرێته خواره‌وه. ئەسەد لە وەڵامدا گوتی: لەهەر بارودۆخێدا ئامادەین و ئاگادارمان بکەنەوە کە دەتوانین چی بکەین.
ڕاستییەکەی، دیمەشق نیگەران بوو بەهۆی ئەوەی چەند ناوه‌ندێك دەیانگوت ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕەنگە ببێتە ئامانجی داهاتووی سوپای ئەمریکا کە لەسەر سنوورەکانی جێگیر بووە. "پاشان دیمەشق بە نیگەرانییەوە سەیری سەرهەڵدانی گوتاری پێکهاتەكانی شیعە و سوننە و کورده‌کانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا دەکرد و ئەمە دەتوانێت لە خودی سووریادا چی بەدوای خۆیدا بهێنێت؟"

یاسر عەرەفات بەهۆی چوونم بۆ بەیرووتی گەمارۆدراو، كاریگه‌ر بوو
یاسر عەرەفات گه‌مه‌كه‌رێكی لێهاتووی كارته‌كان بوو. پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڕژێمی سەددام حوسێن ڕێگر نەبوو لەوەی چاودێریی هەزاران عێراقی نه‌كات، لەوانەیش ئەندامانی حزبی شیوعی عێراق و بنەماڵەکانیان. هاوكات په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی دیاریی كورد مه‌سعود بارزانی هه‌بوو.
فەخری کەریم لە سەرەتای لەشکرکێشی و هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بە ئەرکێکی حزبی بەیرووتی بە جێ هێشتووه، بەڵام دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بەیرووتی گەمارۆ دا، پێداگریی لەسەر گەڕانەوەی بۆ به‌یرووت كردووه، كه ئەمەیش پێچەوانەی ویستی حزبەکەی بووه و له‌م باره‌وه دەڵێت: "بۆ ئێمە قبووڵکراو نەبوو دوور بكه‌وینه‌وه. هاتمە بیقاعی لوبنان و لەوێشەوە به‌ره‌و بەیرووت به‌ڕێ كه‌وتم، شۆفێری تاكسییه‌ك سەرکەوتوو بوو لە گەیاندنم بۆ یەکێک لە خاڵە نزیکەکان و گەڕامەوە بۆ پایتەختی لوبنان. عەرەفات ئەو ڕۆژە به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ به‌یرووت، کاریگەریی پێوە دیار بوو، نه‌خاسمه له‌و كاته‌ی کەسانێک هەبوون کە بەدوای پاساوێكدا دەگەڕان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وێ به‌جێ بهێڵن. دواتر، لە ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانیی لە جەزائیر بە ئاشکرا باسی ئەو بابەتەی کرد و ستایشی (عەلی عەبدولخالیق)ـی برای کرد کە لە قۆناغی بەیرووتدا نازناوی من بوو. ده‌بێت به ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌م ڕاستییه بڵێم كه یاسر عه‌ره‌فات به‌رانبه‌ر به‌و هه‌زاران عێراقییه‌ی كه په‌نایان بۆ به‌یرووت بردبوو، به‌خشنده و ده‌ستكراوه بوو. به‌تایبه‌تی، له دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و دابینكردنی مووچه و خانووبه‌ره و ده‌سته‌به‌ركردنی پاسپۆرت له هه‌ندێك كاتدا. ڕاستییه‌كه‌ی ڕێزێكی زۆر و قووڵی بۆ هێژا مه‌سعود بارزانی هه‌بوو، كه ڕه‌نگه هۆكه‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه هه‌ردووكیان دژی ئه‌و سته‌مه‌ی به‌رانبه‌ر بە گه‌له‌كانیان ده‌كرا، خه‌باتیان ده‌كرد. له‌ژێر ڕۆشنایی ویژادن و دادپه‌روه‌ریی و دداننان به‌و ڕاستییه، دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه عه‌ره‌فات به‌رانبه‌ر به هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی دابووی، ئه‌مه‌كدار و پابه‌ند بوو".

فه‌خری كه‌ریم، له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی کاریگەری كورد، مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان کۆتای‌یان بە گرفت و سه‌ختییه‌كانی ڕابردووی نێوانیان هێنا. ده‌شڵێت، مه‌به‌ستیه‌تی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك بارزانی بۆ مێژوو بخاته ڕوو، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی ئه‌وه، له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: "كاتێك جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌خۆش كه‌وت، مه‌سعود بارزانی به شێوازی خۆی شێوە گەف (ئینزار)ێکی ڕاگەیاند کە کەس بۆی نییە تەنانەت بیر له‌وه‌ش بكاته‌وه بێڕێزیی به تاڵه‌بانی یاخود خانه‌واده‌كه‌ی بكات! ئه‌مه‌یش هه‌ڵوێستێكه كه به چاوی خۆم بینیومه و به گوێی خۆم بیستوومه و له كه‌سێكی دیكه‌وه وه‌رنه‌گیراوه. مه‌سعود بارزانی له كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌لالدا ئاماده نه‌بوو باس لە ئاییندەی سەرۆکایەتیی کۆمار بکات یان بەدوای جێگرهوهیهكدا بگەڕێت. من خۆم بەشداریم لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک كرد بۆ هێرۆی هاوژینی تاڵەبانی و بافڵ و قوبادی كوڕی و ئاراسی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی. مەسعود بارزانی لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا بە میوانەکانی گوت: "من لە ئێوە نزیکم و من خانه‌واده‌ی ئێوەم. بە سۆز و بە گفتوگۆیه‌كی برایانە قسەی دەکرد. دوای ڕۆشتنیان، خاتوو هێرۆ و بانگهێشتکراوەکان لە ژێر کاریگەریی قسەکانیدا بوون، بەو پێیەی چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد ڕەهەندی سۆزداری ئەوەندە بەهێز بێت!"
فه‌خری كه‌ریم له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "پەیوەندی من لەگەڵ جەلال بۆ ساڵی 1960 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی من گەنجێکی ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بووم، کە بە سه‌رۆكایه‌تیی جه‌واهیری مه‌زن پێک هێنرا و جەلالیش ئەندامی دەستەی کارگێڕی بوو و نوێنەرایەتیی گەلی کوردی دەکرد." ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییان وەک جاران لێک نزیک نەبووە.

مه‌سعود بارزانی ئەگەر بەڵێنێک بدات، پێوه‌ی پابەند دەبێت و هەست بە سەختی دەکات پاشەکشەی لێ بكات
داوام لە فەخری کەریم کرد بەکورتی کاراکتەری سەرۆک مه‌سعود بارزانیم بۆ باس بکات. فەخری کەریم گوتی: هەر لە سەرەتاوە پەیوەندیمان لە ڕووی سیاسییەوە هاوئاهەنگ و دۆستانە بوو. من بە هاوڕێیەکی دڵسۆزی دەزانم و چەندان جار ئەو دڵسۆزیەی دەربڕیوە. زۆر زیرەکه و هەڵوێستی هەیە. لە گوێ‌گرتن‌دا جیددییه و زۆر بیر لەو شتانە دەکاتەوە کە دەیبیستێت، ڕەنگە دوای چەند هەفتەیەک قەناعەت بە دیدگهکەت بهێنێت. کاتێک هەڵوێستێک وەردەگرێت، بەلایەوە قورسە پاشەکشەی لێ بكات. مانۆڕ ناکات. ڕۆژێک لە کاتی دانوستان لەگەڵ سەددام، به دوایدا ناردم. لەبارەی دانوستانەکانەوە پرسیاری لێ کردم، منیش ناڕازی بووم. له باره‌ی هه‌ندێك خاڵه‌وه قسه‌مان كرد و پێم گوت ده‌توانیت پاشه‌كشه بكه‌یت. گوتی، چۆن؟ من قەولم پێ داون. مه‌سعود بارزانی ئەگەر بەڵێنێک بدات، پێوه‌ی پابەند دەبێت و هەست بە سەختی دەکات پاشەکشەی لێ بكات.
ئەو ڕۆژەی کە چوو بۆ دیداری سەددام، دوای ئەوەی ڕژێم بەرانبەر کورد و عەشیرەتەکەی کردبووی، یەکترمان بینی، کاتێک لێم پرسی وەک ئەوەی بگری، پێی وتم: نازانم چۆن بۆت وەسف بکەم؟ دەتگوت بەسەر خوێندا هەنگاو دەنێم و تێیدا نوقم دەبم، هەنگاوم دەنا. بەڵام من بیرم لە برینەکان نەدەکردەوە، بەڵکوو بیرم لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەکردەوە.
ڕیفراندۆم هه‌ڵوێست بوو بۆ ئه‌و مامه‌ڵه نه‌رێنییانه‌ی به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا
فه‌خری كه‌ریم سه‌باره‌ت به پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط) ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "پێم وایه تێكچوونی دۆخی سیاسیی له عێراق به خولی دووه‌می سهرۆكوەزیرانیی نووری مالیكی و سه‌ختیی لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه لێی، ده‌ستی پێ كرد. دوای ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ی مه‌ترسیدار هه‌بوو و مالیكی هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی شیعه و كوردی بۆ هاوپه‌یمانی شیعه و سوننه‌ی دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه ببێته‌وه كه بە هه‌ڕه‌شه‌ی كوردی لە قەڵەم دەدا. مالیكی ئه‌و كات گوته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند كاتێك گوتی (نه‌خێر بۆ سازان و به‌ڵێ بۆ زۆرینه)، بەم شێوەیە دەنگدان لە پەرلەمان لە نائاماده‌یی بنه‌مای هاوبه‌شیی و سازان دەستی پێ کرد".
فه‌خری كه‌ریم جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، پرسی ڕیفراندۆم بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان قۆسترایەوە و هەندێکیان تا ئێسته بەردەوامن. بابه‌ته‌كه پەیوەندیی بە خودی ڕیفراندۆمەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بەرنامەیەکەوە هەیە کە ئامانجی سڕینه‌وه‌ی ئەم ناوچە گەشاوەوەیە بە ناوی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی نه‌هێشتن یان بەتاڵکردنەوەی لە ناوەڕۆکەکەی ئەگەر سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی بۆ نه‌كرا. ڕیفراندۆم مافی هەر هاووڵاتییەكه. زۆرێک لە وڵاتان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی مایه‌ی بایەخی ڕای گشتین بۆ ڕای هاووڵاتییانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه. بۆ نموونە ئه‌م ڕیفراندۆمه لە ئیسپانیا بەبێ جووڵاندی هێزی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی ترساندن كرا. مەبەست لە ڕیفراندۆم پشتڕاستکردنەوەی مافێکی پرەنسیپی و ڕانەگەیاندنی جیابوونەوە بوو، هاوكات هه‌ڵوێستێك بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فشار و بابه‌ته نه‌خوزاراو و نەرێنییانەی کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا کەڵەکە بووبوون.

دوژمنایەتی بەعس و شیوعییەکان
ڕۆژنامه‌ی (الشرق الأوسط) پرسیاری لە فەخری کەریم کردووه دەربارەی شەڕە خوێناوییەکانی نێوان کۆمۆنیستەکان و بەعسییەکان دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن به‌عسییه‌كان لە 8ـی شوبانی 1963، له‌م باره‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئەوەی لە مونزیر وه‌نداوی، فەرماندەی (الحرس القومي) بیستوویه‌تی، گوتوویه‌تی "کۆمۆنیستەکان بە خوێنی ئێمە شەڕیان کرد و ئێمەیش لە خوێنی ئەواندا شەڕمان کرد". فه‌خری كه‌ریم ده‌ڵێت، بە هەموو ڕاستگۆییەکەوە پێتان دەڵێم لە قۆناغی یەکەمی ململانێکاندا پێشێلکاریی لە لایەن حیزبی شیوعییه‌وه ڕووی دا، بەڵام حیزب خوێنی به‌عسییه‌كانی نه‌ڕشت، بۆ سەلماندنی ئه‌م قسه‌یه‌یش، گوێ لە حەسەن عه‌له‌وی بگرن كه ئه‌و كات لە حزبی بەعسدا بوو و ئه‌و بابه‌ته‌ی نووسیوه‌ته‌وه. به‌ڵێ پێشێلکارییهكان سنووردار بوون، بەڵام پاكتاو نەبووە، وەک ئەلوەنداوی ئاماژەی پێ دەکات، بەتایبەتی کە شیوعی نه لە دەسەڵاتدا بووە و نە بەڕێوەبەری ئاسایشیی گشتیی و نە بەڕێوەبەری هه‌واڵگریی له ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه نه‌بووه. بەعسییەکان کۆمەڵکوژییەکی پلانبۆداڕژراویان بۆ شیوعییه‌كان دانا. بانگەوازەکان بۆ له‌ناوبردن و كوشتنی ئاشكرا بوون. ئەوەی لە كۆشكی نیهایه ڕووی دا، زانراوه. ئەشکەنجەدانێكی زۆر ترسناک بووە هۆی کوشتنی سەلام عادل، سکرتێری حیزبی شیوعی و کۆمەڵێک سەرکردە و کادری حزب به‌وپه‌ڕی دڕه‌نده‌ییه‌وه كه نایه‌ته باسكردن. "تۆ بێنه به‌رچاوت نازم گزار کەباب بخوات و توند پێیشی له‌سه‌ر گه‌ردنی زیندانێكی شیوعی دانابێت كه له سهرهمهرگدایە!"
تێبینی: ئەمە کورتکراوەی بەشی سێیەمی چاوپێکەوتنەکەیە.