ڤیزه له نێوان عێراق و ئێران ههڵدهگيرێت
دوو ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی ڤیزه رێككه‌وتوون
K24 – هه‌ولێر
ئاژانسی ئیسنای ئێرانی باس له هه‌وڵه‌كانی تاران و به‌غدا ده‌كات بۆ نه‌هێشتنی ڤیزه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات، كه به‌رپرسێكی ئێرانی ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی پیشانداوه بۆ نه‌هیشتنی ڤیزه له نێوانبۆ گه‌شتیارانی هه‌ردوو وڵات.
به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی شوونهوار و گه‌شتیاری ئێران رایگه‌یاند به‌م زووانه ڤیزه له نێوان عێراق و ئێران هه‌ڵده‌گرێت.
له دوایین هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به‌م پرسه، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئيران عه‌لی لاریجانی ئاماژه به پێشنیاری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق سه‌لیم جبووری بۆ هه‌ڵگرتنی ڤیزه كرد و رایگه‌یاند خاڵی هاوبه‌شی زۆر له نێوان هه‌ردوو گه‌لی ئێران و عێراق هه‌یه كه روانینی هه‌ردووكیان بۆ پرسه‌كانی ناوچه و جیهان زۆر له یه‌ك نزیكه كه كۆی ئه‌م پرسانه یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندیی دوو لایه‌نه.
لاریحانی هه‌روه‌ها گوتی ئاسانكاری وه‌به‌رهێنان له‌نێوان هه‌ردوو وڵات زۆر گرنگه و پێویسته وزاره‌تی ده‌ره‌وه هه‌ڵگرتنی ڤیزه به گرنگی وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر بتوانین له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وڵات كێشه‌ی ڤیزه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، زۆرێك له كێشه‌كانمان له كه‌رتی گه‌شتوگوزار چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ش باس له حه‌زی خه‌ڵكی عیراق بۆ سه‌ردانكردنی ئێران بۆ مه‌به‌ستی گه‌شت ده‌كات.
ئێران و عێراق له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه زۆرترین سه‌ردان و گه‌شت له نێوانیاندا هه‌یه. له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو قه‌باره‌ی گه‌شتی نێوان هه‌ردوو لا بۆ نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س به‌رز بۆته‌وه.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئێران دوو ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی ڤیزه رێككه‌وتن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكه‌ن.
هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ردانكردنی ئێران پێویسته ڤیزه‌ی ئه‌م وڵاته له كونسوڵخانه‌كانی ئێران له هه‌ولێر یان سلێمانی وه‌ربگرن، له كاتێكدا كه هاووڵاتیانی ئێرانی به‌بێ وه‌رگرتنی ڤیزه ده‌توانن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.