سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری کەنی، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا. بڕیاریشە دواتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم کۆ ببێتەوە.
سەرچاوەیەکی حکوومی بە مێدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.
گوتیشی: لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی عێراق کۆ دەبێتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق تاوتوێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "باقری، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی کۆ دەبێتەوە، بۆ تاوتوێ کردنی کۆمەڵێک دۆسیە کە پەیوەندییان بە هەردوو وڵاتەوە هەیە".
دوای وەرگرتنی پۆستی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئەمە یەکەم سەردانی باقرییە، کە لە شوێنی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەست بەکار بووە، کە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیاندا گیانیان سپارد.
پێشتریش گوتبووی، تاران بایەخ بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و پەیوەندییەکانی ئێستاش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر جێی ڕەزامەندییە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو عەلی باقری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕاگەیاندبوو: "بڕیار بوو 10 ڕۆژ دوای گیان سپاردنیان، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، سەردانی عێراق بکەن، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بایەخێکی تایبەتی بە وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی موسڵمانان دەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە دارشتنی ئەم سیاسەتە لەلایەن خودی ئایەتوڵڵا ڕەئیسییەوە پێشکەش کرابوو"