هۆگر عەلی: بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بووەتە هۆی هەرزانیی نرخی گۆشتی سوور

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت نرخی گۆشتی سوور دابەزیووە، هەروەها لەماوەی13 ڕۆژیشیدا 97 شوێنمان سزا داوە و زیاتر لە پێنج تۆن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوومان لەناو بردووە.

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەماوەی ڕابردوودا گلەییەکی زۆر کرا کە نرخی گۆشتی سوور گران بووە، بۆیە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە 27ـی ئاداری 2024، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی سەدا 50 لەسەر ئەو ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن، ئەوکاتەی بڕیارەکە درا، نرخی گۆشتی سووری نەرمە بە 20 هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت ئێستا نرخی گۆشتی سووری نەرمە لە شاری هەولێر بە 16 هەزار دینارە".

 بەگوتەی هۆگر عەلی، لە 3ـ6، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەری گشتیی نەوزاد کامل کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ نەبەز حەمید قائیمقامی هەولێر کرد، بۆ ئەوەی بتوانین بەر لەهاتنی جەژنی قوربان بەرنامەیەکی باش بۆ بازاڕەکان دابنێن، هەروەها لیژنەکانمان کە حەوت تیمن دابەشی سەر بازاڕەکانی هەولێر کردووە، چونکە بەر لەو بۆنانە خواست لەسەر کەلوپەل زیاد دەبێت.

بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر باسی لەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخ بە بەرزکردنەوەی کوالێتی خواردن دەدات لە بازاڕەکاندا، ئێمەش وەکو بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی پابەندین بەو ڕێنماییانەی سەرۆکی حکوومەت دەریکردووە. ئەگەر بزانین هەرشوێنێکیش کەلوپەلی خراپ یان کوالێتی نزم یان ماوە بەسەرچوو لە بازاڕەکان دەداتە هاووڵاتیان یان گرانی کردووە، سزای دەدەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی 13 ڕۆژدا 615 شوێنمان بەسەرکردووەتەوە، سزای دارایی 97 شوێنمان داوە، هەروەها شوێنێکیشمان داخستووە و پێنج تۆن و 400 کیلۆگرام کەلوپەلی ماوەبەسەرچوومان لەناو بردووە. دەشڵێت ئەو شوێنەی دامانخستوون پابەند نەبوونە بە فرۆشتنی کەلوپەلی کوالێتی بەرز.

Fly Erbil Advertisment