مستەفا زوبێر: توانای عەمبارکردنی گەنم لە کوردستان لە ئاستی مامناوەند بەرز بووەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا توانراوە سێ سایلۆی مۆدێرن دروست بکرێت، لە ڕوڤیا، کەلار، قوشتەپە، سایلۆی چوارەمیش لە هەڵەبجە ئەمساڵ دەست بنیادنانی کراوە؛ توانراوە توانای عەمبارکردنی گەنم لە کوردستان لە ئاستی مامناوەند بەرز بکرێتەوە.
پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، ئەندازیار مستەفا زوبێر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەکو وەزارەتەکانی دیکە، بە ڕێنمایی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، پلانی ستراتیجیی بۆ کارکردنی خۆی لە یەکەم ساڵی کابینەکە، دانا.
بە گوتەی ئەو جێگرە، "توانیومانە پلانێکی تۆکمە و باش داڕێژین، پلانەکەش 20 بۆ 24ە واتە تەمەنی کابینەکە، لەبەر ئەوەی پلانەکە بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر باش داڕێژرا بوو، توانیومانە تاکو ئێستە پابەندی پلانەکانی خۆمان بین، لەسەرخۆ جێبەجێیان بکەین، هەرچەندە لەسەردەمی کۆرۆنادا بەرەو پێشچوونەکە هەندێک سست بوو، بەڵام دوای کۆرۆنا بە هەوڵی زیاتر بەردەوام بووین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانمان".
ئەو جێگرە دەڵێت، "نووسینگەی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، زۆر بە چڕی لەگەڵ وەزارەتەکان هەماهەنگ بوون، ئێمەش لای خۆمانەوە پابەند بووین بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکانی خۆمان و ڕاسپاردەکان بە بەردەوامی لەگەڵ جێبەجێکردنیان 97%و لەگەڵ بەدواداچوونیاندا".
هەروەها دەشڵێت، "کەم بوون و زیاد بوون بە گوێرەی ساڵ هەیە، لە دەسەلاتی ئێمەدا نییە، پەیوەندیی بە خەڵکی و حکوومەتی فیدراڵییەوە هەیە، دەبینی جار بۆ جار پێشکەشکردنەکە جیاواز دەبێت، ئێمە هەوڵمان داوە 100% جێبەجێیان بکەین، ئەو 3%یەش، بەردەوامبوونی پرۆسەکە".
ئەو جێگرە ئاماژەی بەوەش دا، "لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا توانراوە سێ سایلۆی مۆدێرن دروست بکرێت، یەکێکیان لە ڕوڤیا، یەکێکیش لە کەلار، ئەوی دیکەش لە قوشتەپەی هەولێر، سایلۆی چوارەمیش کە لە هەڵەبجە ئەمساڵ دەست بنیادنانی کراوە. توانراوە توانای عەمبار کردنی گەنم لە کوردستان لە ئاستی مامناوەند بەرز بکەینەوە".
"ئەگەر بودجەی پێویست هەبێت، پلانی ئەوەمان هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا واتە تاکو 2030 پێنج سایلۆی دیکەش دروست دەکەین". مستەفا زوبێر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وا دەڵێت.