سەکۆ دەستکردەکەی هاوکاری لە کەناراوەکانی غەززە تێکدەشکێت
دوو بەرپرسی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی زەریاوە بۆ جاری دووەم سەکۆ ئاوییەکە کە لە کەناراوەکانی غەززە دروست کرابوو تێک دەشکێت، ئەمەش گواستنەوەی هاوکارییەکان دوا دەخات.
ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەش کردووە، "سوپا سەکۆ ئاوییەکە لا دەبات و دەیانگوازێتەوە، تاکو کەشوهەوا باشتر دەبێت، وەک ئەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو کە ڕوویدا".
هەروەها پێشبینیان کرد هەفتەی داهاتوو سەکۆ بگەڕێتەوە شوێنی خۆیان، هەرچەندە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هاوکارییەکان لە شوێنێکی ئارام لە کەنار زەریا دابەزێنران، بەڵام دەزگاکانی فریاگوزاری لە کاتی پێداچوونەوەی ئەمنی وەرگرتنی هاوکاری و دابەشکردنی ئەو هاوکارییانەیان وەستاند.
فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی برسێتییەکی بەرفراوان بوونەتەوە، بەو پێیەی شەڕەکە چڕ بووەتەوە و ڕۆیشتنی خۆراک و دەرمان و پێداویستییەکانی بەزەحمەت دەگاتە دەستییان.
ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، "تا ناوەڕاستی مانگی تەمموز زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە غەززە ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی برسێتی دەبنەوە".
نووسینگەی مێدیای حکوومی لە کەرتی غەززە لێدوانی لەسەر ڕاگەیاندنی بەرنامەی خۆراکی جیهانی دا کە واز لە هێنانی هاوکارییەکان دەهێنن بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی بەندەرە دروستکراوەکەی ئەمەریکا، لە دەرەوەی غەززە و جەختی لەوە کردەوە کە بەندەری ئەمەریکی "درۆیەکی مرۆییە".