گرتە ڤیدیۆیەکی جۆو بایدن هەرا دەنێتەوە

دوای ئەوەی جۆو بایدن لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە سەرکردەکانی گروپی جی حەوت دوور دەکەوێتەوە، دەبێتە مایەی مشتومڕ و لێدوانی گاڵتەجارانە لە سۆشیال مێدیا. لای خۆیەوە ئەندرۆ بەیتس، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەسەر گرتەیەکی ڤیدیۆکە هاتە دەنگ و گوتی، بایدن لەگەڵ پەرەشوتەوانەکەدا قسەی دەکرد.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، کە لە سۆشیال مێدیا و زۆرێک لە پلاتفۆرمی هەواڵەکاندا بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت، لە کاتی نمایشکردنی پەرەشوتدا، بایدن لە سەرکردەکانی گروپی حەوت دوور دەکەوێتەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی سەرلێشێواوییان و وایکردووە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی، بەرەو ڕووی بڕوات و بیگەڕێنێتەوە بۆ گروپەکە.
زۆرێک لە سەرکردەکان و وڵاتان سەرنجیان لەسەر گەڕاندنەوەی ڕەفتارەکانی بایدنە کە باری دەروونی تێکچووە و تەندروستی خراپە.
بەیتس لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە "X" ڕایگەیاند، گرتە ڤیدیۆکە لە گۆشەکانی دیکەوە بە ڕوونی نیشان دەدات کە بایدن لەگەڵ پەرەشوتەوانەکەدا قسەی دەکرد و ئەویش نیشانەیەکی سەرسامی خۆی پێدا، پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بانگهێشتی بکات بۆ وێنە گرتن."
لە پۆستێکی دیکەدا بەیتس ڕوونی کردەوە کە "دەستکاریی ڤیدیۆکە بە مەبەستی خستنەڕووی ئاژاوە و درۆیە کە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی ئەوە نییە کە ڕووی داوە"، هەروەها مێدیاکانی بە درۆزن ناوبرد.
بەیتس گوتیشی، "گرتە ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو دەستکاریی کراوە بۆ چەواشەکاری".