ئەفغانستان.. دووشەممە جەژنی قوربانە

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان
زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند، لەسەر بریار و ڕاسپاردەی دەستەی دادگای باڵای ئەفغانستان، دووشەممە، 17ی حوزەیرانی 2024 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوە، بە هەموو هاووڵاتییانی ئەفغانستان ڕادەگەیەنین کە شەممە ڕۆژی عەرەفە نییە و یەکشەممە عەرەفەیە و دووشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت، ئەمە بڕیارێکی شەرعییە و دەبێت گشت خەڵکی ئەفغانستان پێوەی پابەند بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرتاسەری وڵاتانی موسڵمان سبەینێ یەکشەممە، بە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان ڕاگەیەندراوە.

هەروەها پێشتر مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان پەیامێکی جەژنە پیرۆزەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، جارێکی دیکە هێرشە زاڵمانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و سەرجەم ناوچەکانی فەڵەستین و کوشتنی منداڵان، ئافرەتان و موسڵمانان ستەمدیدە بە توندی ئیدانە دەکەم.

هەروەها داوای لە وڵاتان کردووە، هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریی لە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە چڕ بکەنەوە.