ئێران دوومانگی دەستکرد بۆ ئاسمان هەڵدەدات

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، سەرۆکی ڕێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، حەسەن سالاریە ڕایگەیاندووە، مانگی داهاتوو دوو مانگی دەستکردی ئێرانی هەڵدەدرێن.

حەسەن سالاریە، بە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ـی ئێرانی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 12  هەوڵیان لە پیشەسازیی بۆشایی ئاسماندا هەبووە، کە 10 هەڵدانی ناوخۆیی و دوو هەڵدانی نێودەوڵەتی بووە.

سالاریە ئاماژەی بەوەش کرد، بە نیازین لە مانگی داهاتوودا، مانگی دەستکردی سامان و مانگێکی دەستکردی دیکەی توێژینەوە هەڵبدەین.

سەبارەت بە ئامانجی هەڵدانی ئەو دوو مانگە دەستکردە، سەرۆکی ڕێکخراوی بۆشایی ئاسمانیی ئێران ڕوونیکردەوە، "بە لەبەرچاوگرتنی توانای پێشکەوتووی وڵات لە بواری مانگە دەستکردەکاندا، موشەکی هەڵگرتنی زۆر متمانەپێکراویان هەیە بۆ دانانی مانگی دەستکرد لە خولگەی ئاسماندا، ئەوەش یەکێکە لە ئامرازە چارەنووسسازەکانی پێویست بۆ بە کردەکردنی ئەرکەکانی بۆشایی ئاسمان، چ لە بواری مانگە دەستکردەکان بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکان، یان دانانی مانگە دەستکردەکان لە خولگەدا بۆ گەڕان بەدوای بۆشایی ئاسمان بە مەبەستی نیشتنەوەی کەشتییە ئاسمانییەکان لەسەر مانگ یان مەریخ".

لە کۆتاییدا سالاریە گوتیشی: "سیستەمی بارستەی گواستنەوەی خولگەیی سیستەمێکی مامناوەندە بۆ دانانی مانگە دەستکردەکان لە خولگە بەرزەکاندا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچوونەکان و دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی کەشتی هەڵگری زەبەلاح  کە بە سووتەمەنی زۆر بەکاردەهێنرێت".

 

Fly Erbil Advertisment