سۆزدار ئاڤێستا: پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا نە وەستاوە و نە بەڕێوەش دەچێت

ئەندامێکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نە بە تەواوی وەستاوە و نە بەڕێوەش دەچێت، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی بزووتنەوەکەیان تا سەر لە چاوەڕوانیی هەنگاوەکانی ئەنقەرەدا نامێنێتەوە.

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری ئاماژەی بەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی هەموو هەنگاوە پێویستەکانی سەرشانی خۆیان ناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکاری و هەنگاوێکی کردەیی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەنراوە کە ڕای گشتی چاوەڕێی دەکات.

 سۆزدار ئاڤێستا باسی لەوە کرد، گەریلاکانی پەکەکە هەنگاوی بنەڕەتییان ناوە، لەوانە پاشەکشە لە باکووری کوردستان و چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی وەک مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. هاوکات روونیکردەوە "لە 8ـی تشرینی یەکەمدا بە فەرمی رامانگەیاند کە ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە، بەڵام زیاتر لە 20 ڕۆژ بەسەر ئەو هەنگاوەدا تێپەڕیوە و لایەنی بەرامبەر بێدەنگە و هەنگاوی پێویستی نەناوە."

ئەو بەرپرسەی کەجەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویست بوو کۆمیسیۆنی چاودێری پێکبهێنرێت و رێگە بە شاندی رۆژنامەنووسان، ئەکادیمیستان و سیاسەتمەداران بدرێت سەردانی ئیمراڵی بکەن، تا ئۆجەلان وەک بنیاتنەر و کۆردیناتۆری پرۆسەکە بتوانێت لە دۆخێکی ئازاددا رۆڵی خۆی بگێڕێت.

سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چاودێری، سۆزدار ئاڤێستا گوتی "دەبوایە ئەو کۆمیسیۆنە دوو مانگ و نیو لەمەوبەر دابمەزرایە، بۆیە گومان هەیە لەوەی لە ژێر ناوی کۆمیسیۆندا هەوڵی دواخستنی پرۆسەکە بدرێت."

ئەندامەکەی سەرۆکایەتیی کەجەکە حكوومەتی ئاکپارتی تۆمەتبار کرد بەوەی کە دەیەوێت پرۆسەکە بۆ مەرامی هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکان بەکاربهێنێت و هۆشداریی دا "ئەگەر پرسی کورد بەپێی حیساباتی بچووک و دۆخی دەرەکی هەڵسەنگێندرێت، پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت."

سۆزدار ئاڤێستا گوتیشی "تەڤگەری ئازادی هەرگیز بێ جێگرەوە نەبووە و هیچ ناچارییەکمان نییە تا هەتایە لە چاوەڕوانیدا بمێنینەوە. ئەگەر هەنگاوی کۆنکرێتی نەنرێت، تێکۆشانی دیموکراسی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەردەوام دەبێت."