پشتیوان سادق: هەموو ئاسانکارییەک بۆ حاجیانی کوردستان کراوە

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵێکی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی حاجیان بتوانن مەڕاسیمی حەجی خۆیان بکەن و هەموو ئاسانکارییەکیشمان بۆ کردوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەکو ئەوقاف و وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەکانی ڕابردوودا هەوڵی ڕژدماندا لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نووسراوی فەرمی خۆمانەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستان کە ڕوویان لە ماڵی خودا کردووە، بە ڤیزەی گەشتیاری بتوانن مەراسیمی حەجی خۆیان بکەن.

وەزیر دەڵێت، "ئێمە دڵمان لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانە بوو، بەڵام هەموو لایەکیش دەزانێت کە حکوومەتی سعودییە حکوومەتێکە یاسا و ڕێسای خۆی هەیە، پێێان ڕاگەیاندووین کە سەتان کەس بە ڤیزەی گەشتیاری ڕۆشتووە بۆ ئەو وڵاتە، ناتوانن چەند هەزار کەسێکی کوردستان دەستبەسەربکەن لەو ڕێوڕەسمە ئاینیەدا".

ئەو وەزیرە دەشڵێت، "ئەو هاووڵاتییەی کە دوێنی کۆچی دوای کرد لە سعودییە، ئێمە وەکو وەزارەتی ئەوقاف هەموو ئاسانکارییەکمان کرد، ئەو کەسەی لەگەڵیەتی بەهیواین بەسەلامتی بگاتەوە کوردستان".

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ڕاشیگەیاند، "ئەو کەسانەی کە ڕۆشتوون بۆ سعودییە جا لە ڕێگەی حکوومەتەوە بێت یاخود هەر ڕێگەیەکی دیکە، بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەکیان نییە، ئەوان کەسی ئێمەن، بەڵام ئێمە ناتوانین فشار بکەین لەسەر ولاتی سعودییە کە سیستەم و یاسای خۆیان هەیە، 700هەزار کەس بە ڤیزەی گەشتیاری چووە، ڕەنگە بەتەنیا بۆ ئێمە گرفت نەبێت، بەڵام ئێمە بە نووسراوی فەرمی هەوڵی ڕژدماندا و هەوڵەکانمان سەری نەگرت، ئەوی دیکەش ڕکابەری سیاسی دەبێت کێشەی سیاسیش دەبێت بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی کۆمان دەکاتەوە خاک و ولاتەی کوردستانە پێویستە هەموومان خاک و وڵاتمان لەسەروی هەموو بابەتێکەوە".

Fly Erbil Advertisment