هاووڵاتییانی کەرکووک بەهۆی پاشماوەی ئاژەڵەکانی قوربانی هەراسان بوون
K24 – کەرکووک:
بەشێک لە هاووڵاتییانی کەرکووک لە دوای قوربانیکردن، پاشماوەی ئاژەڵەکانیان لەنێو شۆستە و شەقامە گشتییەکان فڕێداوە و ئەمەش بۆتە هۆی هەراسانکردنی خەڵک و بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لەوجێگە، ئەمە جگە لەوەی هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی قوربانی لە کەرکووک لەسەر شۆستە و شەقامە سەرەکییەکانە، هەر ئاژەڵدارێک چەند سەر ئاژەڵێکی هێناوەتە سەر شەقامەکان تاوەکو بیفرۆشن، وەکوو خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی تەنها کوشتارگەیەک لە خوارووی شارەکە هەیە، بۆیە بەشێک لە هاووڵاتییان ناچنە کوشتارگە و لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ بە نرخێکی هەرزانتر دەکڕن.
دیمەنی فڕێدانی پاشماوەی قوربانیکردنە لەنێو شۆستە و شەقامەکان، بەبێ گوێدانە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گوزراوەکان، پاشماوەی ئاژەڵەکان لەم شوێنە گشتیانە فرێیدەدرێن، بەشێک لە هاووڵاتییانیش ئاماژە بەوەدەکەن، گونجاو نییە ئەو پاشماوانە لەو شوێنانە فڕێبدرێن کە جگە لە فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر شەقام، دوای سەربڕینیشیان، پاشماوەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکان فڕێدەدەرێن.
لەلایەن خۆیەوە، هاوڕێ رەحمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی قایمقامییەتی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە هاوکاری شارەوانی لە ڕێگەی لێژنەیەکەوە لە ماوەی هەر چوار ڕۆژی جەژندا دوکانی ئەو گۆشتفرۆشانە دەستنیشان دەکرێن کە پاشماوەی ئاژەڵەکان فرێدەدەنە شوێنە گشتییەکان و پاشان سزای ماددی دەدرێن.
بەهۆی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت ڕێنماییەکان جێبەجێبەجێ بکەن، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 39 کەس لە عێراق تووشی نەخۆشییەکە بوونە و پێنج کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.