ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینەیە

گۆتێرێز: دەبێت وڵاتان کار بۆ نەهێشتنی گوتاری ڕق و کینە بکەن

نەتەوەیەکگرتووەکان 18ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە دیاری کردووە و لەو ڕۆژەدا، داوا لە وڵاتان دەکات، ڕێکارەکانی پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی تووندتر بکەنەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەم بۆنەوە پەیامێکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت؛ هەموو گوتارێکی ڕق و کینە ڕەت دەکەینەوە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە بکەین.

لە تەمموزی 2021 نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لەبارەی خێرا بڵاوبوونەوەی گوتاری ڕق و کینە لە سەرتاسەری جیهاندا و بڕیارێکی بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان ئایین و کولتوورە جیاوازەکان و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە دەرکرد. نەتەوەیەکگرتووەکان، 18ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕق و کینە دیاری کردووە و داوا لە وڵاتان دەکات هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دیاردەیە چڕتر بکەنەوە.

هەر لە گوتارەکەیدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، گوتاری ڕق و کینە هێمای جیاکاریی، تووندوتیژی، ململانێ و تاوانە دژی مرۆڤایەتی، ئەم دیاردەیە لە ئەڵمانیای نازی بۆ ڕواندا و بۆسنە و وڵاتانی دیکە پەلی هاوێشتووە، بەڵام  هیچ ئاستێکی ئەم گوتارە قبووڵکراو نییە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتن و ڕیشەکێش کردنی، بکەین.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، گوتاری ڕق و کینە لەسەر بنەمای، نەتەوە، رەگەز، ئایین، بیروباوەڕ و ئینتمای سیاسی، هەڕەشە لە خەڵک دەکات. لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ئەم گوتارە بەرانبەر موسڵمان لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەکرێت گوتاری ڕق و کینە لە دژی ژن، ئاوارە، پەنابەر، کۆچبەر و پێکهاتە جیاوازەکان بەکاربهێنرێت و لە ڕێگەی تۆڕ و پێگە ئەلیکترۆنییەکان فراوانتر بکرێت و سنوور فەرهەنگەکان ببڕێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەرپرسیارییەتی وڵاتانە پابەندیی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاندانی گوتاری ڕق و کینە بن؛ بە شێوەیەک ڕێکارەکانی پاراستنی ئازادی ڕادەبڕین و پێکهاتەکان تووندوتۆڵتر بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکان پلان و ستراتیجییەتی دیاریکراوی بۆ چارەکردنی سەرهەڵدانی ئەم گوتارە هەیە و لە هەوڵی دانانی بنەما جیهانییەکانی گەیاندنی زانیاریی درووستە بە بڕیار بەدەستانی وڵاتان.

سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لە کاریگەریی گەنجان بەم گوتارە دەدات و دەڵێت، زۆرترین کاریگەریی گوتاری ڕق و کینە لەسەر توێژی گەنجانە بۆیە پێویستە ئەوان بەشێک بن لە چارە و پەیوەندییەکی گشتیی لەسەر تۆڕە ئەلیترۆنییەکان دوور لەم گوتارە وە دەست بهێنرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ڕوو لە حکوومەت و دەسەڵاتی وڵاتان دەکات و جەخت دەکاتەوە؛ ئەرکی حکوومەت و دەسەڵاتەکانە، کار لەسەر هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکەوەژیان و هەمەچەشنی ڕێکارەکان بکەن و بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی گوتاری ڕق و کینە ببنەوە.

Fly Erbil Advertisment