محەممەد کازم: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەش پارێزگای عێراق دەنگ دەدرێت
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوەی هەماهەنگی بە مەبەستی پلاندانان بۆ بەڕێوەچوونی 14هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەش نوێنەرایەتی ئێران لە عێراق، ڕاگەیاند.
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ـی ڕاگەیاند، لە خولی سێزدەیەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێراندا، هاووڵاتیانی نیشتەجێی عێراق زیاتر لە 20 هەزار دەنگیان داوە، هیواشی خواست هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران، لە دەرەوەی وڵات بە عێراقیشەوە بە شێوەیەکی نایابتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەڕێوە بچێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بوونی زیارەتکارانی ئێرانی کە ڕوویان لە عێراق کردووە بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی جەژنی قوربان و غەدیر، هیوادارین ئەو زیارەتکارانە زیاتر ئامادەبوونێکی پڕ لە جۆش و خرۆشیان هەبێت بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، گوتیشی: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، چاودێریی سندوقەکانی دەنگدان، لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی و کەربەلا و نەجەف و بەسرا دەکرێت.
ئال سادق، ڕوونیشی کردەوە، هاووڵاتیانی ئێرانی نیشتەجێی کازمیە و سامەڕا لە بەغدا دەنگ دەدەن، هەروەها دانیشتووانی عەمارە و ناسریە لە پارێزگای بەسرە دەنگ دەدەن، هەروەها سندوق بۆ هاووڵاتییە ئێرانییەکانی نیشتەجێی پارێزگاکانی بابل و دیوانیە و موسەناش تەرخان کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بریتین لە مەسعود پزیشکیان، مستەفا پورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، عەلی ڕەزا زاکانی، ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی و محەممەد باقر قالیباف.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 80 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران کاندید کردبوو، بەهۆی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە، دەبێت کاندیدەکان بۆ ئەوەی بچنە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە، ناوەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسەند بکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024)، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.