بەغدا.. دەست بەسەر زیاتر لە 20 تۆن دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوودا گیرا

وێنەی ئەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا گیراوە
وێنەی ئەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا گیراوە

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، لە بەغدا 20 تۆن دەرمانی قاچاخ و زیاتر لە نۆ هەزار پاکێتی دەرمان کە سەرچاوەکەی نادیارە دەستی بەسەردا گیراوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی ئاسایشی ئابووریی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی کۆنترۆڵی تەندروستی توانیان دەست بەسەر کۆگایەکی ساختە لە ناوچەی "غەدیر"دا بگرن کە 20 تۆن دەرمانی قاچاخ و ماوە بەسەرچووی تێدا بووە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، نۆ هەزار و 367 پاکێتی دەرمان کە سەرچاوەکەی نادیارە و هیچ کاغەزێکی شیاوی تێدا نەبووە، لەناو کۆگایەکی دەرمان کە دەکەوێتە گەڕەکی هیتین دەستی بەسەردا گیراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو دوو کۆگایە گیراوەتە بەر، خاوەنەکەیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند کراوە و دەستیش بەسەر دەرمانەکاندا گیراوە.