ئەردۆغان: ئەحمەدی خانی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی جیهانی رۆح و فکرمانە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

سەرۆککۆماری تورکیا، براوەکانی 'خەڵاتی گەورەی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کولتوور و هونەر بۆ ساڵی 2026'ی راگەیاند، کە تێیدا خەڵاتی تایبەتی پۆلێنی وەفا بە شاعیری مەزنی کورد ئەحمەدی خانی بەخشرا، هاوکات ئەردۆغان وەک ئەستێرەیەکی جیهانی رۆح و هزر یادی خانی بەرز راگرت.

پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە پەیامێکدا بە فەرمی ناوی براوەکانی 'خەڵاتی گەورەی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کولتوور و هونەر بۆ ساڵی 2026'ـی ئاشکرا کرد، کە تێیدا پۆلێنی خەڵاتی وەفا (Vefa Ödülü) بە ئەحمەدی خانی، شاعیر، بیرمەند و ئەدیبی ناوداری کورد بەخشرا.

سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیامێکەیدا ستایشی سەرجەم براوەکانی خەڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "سوپاس و پێزانینی بێپایانم پێشکەش بە کەسایەتییە زۆر بەڕێزەکانی بواری زانست، کولتوور و هونەر دەکەم کە شایستەی خەڵاتی گەورەی سەرۆکایەتیی کۆمار بوون لە بەرامبەر ئەو بەخشین و خزمەتە بێوێنەیەی پێشکەشی وڵاتەکەمانیان کردووە؛ هاوکات بە رەحمەت و رێزەوە یادی یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی جیهانی دڵ، رۆح و فکرمان، حەزرەتی ئەحمەدی خانی دەکەمەوە".

خەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ کولتوور و هونەر لە تورکیا، ساڵانە لە چەندین کایەی جیاوازدا پێشکەش بەو کەسایەتی و داهێنەرانە دەکرێت کە جێدەستیان لە بوارەکانی ئەدەب، مۆسیقا، سینەما، زانست و کلتووردا دیارە، بۆ ئەمساڵیش، لە پاڵ بەخشینی خەڵاتی وەفا بە ئەحمەدی خانی، لە چەند بوارێکی دیکەدا خەڵات بەسەر کەسایەتییە دیار دابەش کران.

ئەحمەد ئیلیاس رۆستەم بەگ، ناسراو بە ئەحمەدی خانی، لە ساڵی 1650، لە شاری بایەزید کە دەکەوێتە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. خانی یەکێک بووە لە گەورەترین هۆزانڤان، فەیلەسووف و زانایانی مێژووی نەتەوەی کورد و نووسەری شاکاری نەمری 'مەم و زین' و فەرهەنگی 'نووبەهارا بچووکان' بووە، کە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەییدا وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی هزر، رووناکبیری و ئەدەبیاتی کلاسیك دەناسرێت.

خانی لە ساڵی 1707، لە شاری بایەزید کۆچی دوایی کردووە، لە قەدپاڵی چیای ئارارات نێژراوە و مەزارگەکەی لەوێیە.