رامۆس ئازاری هەیە

سێرخیۆ رامۆس لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ماڵئاواییكردن لە یانەی سێڤییا. 18 حوزەیرانی 2024
سێرخیۆ رامۆس لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ماڵئاواییكردن لە یانەی سێڤییا. 18 حوزەیرانی 2024

سێرخیۆ رامۆس لە كۆنگرەی ماڵئاواییكردنی لە یانەی سێڤییا رایگەیاند هێشتا بیری لە وازهێنان لە یاریكردن نەكردووەتەوە، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی بانگهێشتی یۆرۆ نەكراوم زۆر ئازارم هەیە.
سێرخیۆ رامۆس هاوینی رابردوو لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە گەڕایەوە یانەی سێڤییا، دوای تێپەڕبوونی یەك وەرز لەگەڵ یانە ئەندەلووسییەكە، بڕیاریی دا یانەی سێڤییا جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18 حوزەیرانی 2024، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سێرخیۆ رامۆس رایگەیاند بەهۆی چەند بڕیارێكی كەسی تایبەت بەخۆی و لەسەر داوای خێزانەكەشی یانەی سێڤییا جێدەهێڵێت، دەشڵێت: قۆناغێكی نایابی ژیانم لەگەڵ سێڤییا تێپەڕ كرد، هیچ كاتێكیش گەڕانەوەم بۆ سێڤییا رەت نەكردووەتەوە لە داهاتووش ئەو یانەیە بە ماڵی خۆم دەزانم هەركاتێك بمەوێت دەرگام بۆ كراوەتەوە.
رامۆسی 38 ساڵ، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕەتی كردەوە بیر لە وازهێنان لە یاریكردن بكاتەوە، دەشڵێت: دەتوانم ساڵێك تا دوو ساڵی دیكە لە یاریكردن بەردەوام بم، لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە بە تەواوەتی ئامادەم.
رامۆس گوتیشی: كاتێك دەبینم لە یۆرۆی 2024 ناتوانم نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەم بكەم زۆر ئازار دەكێشم، چونكە هێشتا توانام هەبوو بە باشترین شێوە خزمەتی ئیسپانیا بكەم.
سێرخیۆ رامۆس سەرەتای ژیانی وەرزشی لە یانەی سێڤییا دەست پێكردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە لە كۆی 87 یاری، 10 گۆڵ و یەك ئاسیستی كردووە. زۆربەی نازناوەكانی لە كاروانی وەرزشی خۆی بردووەتەوە، نازناوی مۆندیال و دوو نازناوی یۆرۆ و چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ و چەندان دەستكەوتی دیكەی لەگەڵ سێڤییا، ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەستهێناوە.

.
.