داوای دوورخرانەوەی وەزیری کارەبای عێراق دەکرێت

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق

کەمی کارەبا بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە پلەی گەرما لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق نزیکەی 50 پلەی سیلیزییە ناڕەزایەتی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە و وەزارەتی كارەباش سەڕەرای بەڵێنە بەردەوامەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بێ توانابووە لە جێبەجێكردنی، ئەمەش كاردانەوەی پەرلەمانتارانی لێ كەوتووەتەوە.

عەلی ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەبێت زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا لە کارەكەی دووربخاتەوە و دەرئەنجامەکانی شكستی وەزیری كارەبا و ناڕازیبوونی جەماوەریش لەئەستۆ بگرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، "ڕەزامەندی ھاووڵاتییان گرنگترە لە ڕەزامەندی لایەنەکان و هەموو ئەو شتانەی دوێنێ دروستمان کردووە بەهۆی قەیرانی کارەباوە وا ئەمڕۆ لەناودەچێت".

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەهۆی خراپی دۆخی كارەبا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لەسەر رێنماییەكانی سوودانی، ڕۆژی 12ی ئەم مانگە وەزارەتی كارەبا 10 بەرپرسی لە كەرتی كارەبای پارێزگا جیاوازەكانی عێراق دوورخستەوە.

 ھاوكات یوسف كەلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق نیازی خۆی بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری کارەبا ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، زیاد فازل، وەزیری کارەبای عێراق ساڵی 2023 لە بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەی كارەبا داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمان كرد بۆ دابینكردنی بودجەیەكی زیاتر، بەڵام بەڵێنەكەی جێبەجێ نەكرد و شكستی ھێناوە لە چارەسەركردنی كێشەی كارەبا.

قەیرانی کارەبا یەکێکە لە خراپترین کێشەکان کە عێراقییەکان لە ساڵی 2003ـەوە بەدەستیەوە دەناڵێنن، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بودجەیەكی زەبەڵاحیان بۆ ئەو کەرتە خەرج کردووە، وڵاتەکە ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ کارەبایە، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا.

Fly Erbil Advertisment