بەرهەمی خاوی کۆچەرییەکانی مەهاباد ساڵانە زیاتر لە 120 تۆنە
بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان کۆچەرییەکانی مەهاباد لە گەرمەسێرەوە بەرەو کوێستانەکان وەرزی کۆچ کردنیان دەستپێکرد و بەرهەمی ساڵانەیان زیاتر لە 120 تۆن دەبێت.
لە ئاستی ئێراندا، لە دوای کۆچەرییەکانی پارێزگاکانی چارمەحاڵ و بەختیاری و خۆراسان، پارێزگای ورمێ بە سێیەم پارێزگا دێت لە ژمارەی زۆری کۆچەرییەکان بە سەر شارەکانی مەهاباد، خۆی، ماکۆ دابەشبوون.
یوسف فەساحەت سەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری عەشایەری گۆڵان کە 14 ساڵە لە شاری مەهاباد چالاکن لە بارەی ڕۆڵی کۆچەرییەکان ڕایگەیاندووە، کۆچەرییەکان ڕۆڵیکی گرنگیان لە دابینکردنی بەرهەمی خاوی بەروبوومە شیرەمەنییەکان، خوریی و پێست هەیە.
بە گوتەی فەساحەتی کە قسەی بۆ ئاژانسی فەرمی ئێران کردووە، کۆچەرییەکانی مەهاباد 180 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و گەورەیان تۆمارکردووە و لە ساڵی ڕابردوودا هەزار و 14 تۆن گۆشتی سوور، پێنج هەزار و 937 تۆن شیر، 112 تۆن خوری، دوو تۆن موویان بەرهەم هێنانە و ڕەوانەی بازاڕەکان کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاریی عەشایەری گۆڵان دەڵێ: مەڕدارانی مەهاباد ژمارەیان هەزار و 300 خانەوادەیە کۆی ئەندامانی خێزانەکانیان زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس دەبێت و سەرجەمیان بە کاری شوانکاری و دروستکردنی بەرهەم شیرەمەنییەکان و کاری ڕستن و چینینەوە سەرقاڵن. هەروەها لە ئاستی پارێزگای ورمێ، لە دوای مەڕدارانی هەر یەک لە شارەکانی ورمێ، خۆی و ماکۆ لە پلەی چوارەم دێن.
بە گوتەی یوسف فەساحەتی لە ئاستی مەهاباد دوو جۆرە کۆچەری هەن، بەشێکیان تەنیا لە سنووری پارێزگای ورمێ لە نێوان گەرمیان و کوێستان کۆچ دەکەن و ڕوو لە کوێستانەکانی سەردەشت و پیرانشار دەکەن.
بەشی دووەمی کۆچەرییەکان بۆ لەوەڕی بەهارە ڕوو لە کوێستانەکانی پارێزگای تەورێز دەکەن و تاوەکوو کۆتایی مانگی حوزەیران لەوێ دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێنەوە سنووری پارێزگای ورمێ، هەردوو دەستە کۆچەرییەکەش بەشێکیان بنەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە کوێستانەکان، بەڵام بەشەکەی دیکە تەنیا شوانەکان و مەڕو ماڵاتەکانیان بەرەو کوێستانەکان هەڵدەکشێن.
بە گوێرەی ئەو ڕووپێویەی بۆ لەوەڕگەکانی سنووری شاری مەهاباد کراوە 197 هەزار هێکتار لەوەڕگە هەیە، کە 50 هەزار هێکتار لەوەڕگەی پلە یەکە، 70 هەزار هێکتار پلە دوو و مامناوەندن، لەوەڕگەکانی دیکەش کورتە گیان، بەتێكڕا زیاتر لە هەزار هێکتار دارستانی سروشتی و 100 هێکتار دارستانی دەستکرد و 88 هێکتار دارستانی قەدەغەکراو هەن.