زێلێنسکی و ترەمپ دروستکردنی مووشەکی پاتریۆتیان تاوتوێ کرد

زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند, پرسی مۆڵەتدان بە بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بەرگریی سیستەمی پاتریۆت و چەند بیرۆکەیەکی تریان بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی تاوتوێ کردووە.

سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردەوە و تێیدا سەرنجی خستە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوانیان.

زێلێنسکی نووسیویەتی: "ئێمە گفتوگۆمان لەسەر پێدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی بەرگریی سیستەمی پاتریۆت کرد، هاوشانی کۆمەڵێک بیرۆکەی دیکە کە دەتوانن یارمەتیدەرێکی باش بن بۆ هێزەکانمان."

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بە پردی چارەسەری ئاشتیانە کرد و گوتی: "قسەمان لەسەر لایەنە دیپلۆماسییەکانیش کرد؛ گرنگە کە دەرفەتی نوێ بدەینەوە بە پڕۆسەی دیپلۆماسی، و تیمەکانمان لە داهاتوودا هەماهەنگیی ورد دەکەن لەسەر دەرەنجام و وردەکاریی زیاتری ئەم پەیوەندییانە."

سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد لە بەرامبەر بەردەوامیی پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ ئۆکرانیا.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو سەرکردە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە بەراورد بە گرژییەکانی مانگی شوباتی 2025، کاتێک ترەمپ زێلێنسکی بە لایەنگری جەنگی جیهانیی سێیەم و کەمتەرخەم تۆمەتبار کردبوو. ترەمپ لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەیاندا لە تورکیا ستایشی کارەکانی زێلێنسکی کرد و پێشنیازی مۆڵەتدانی فەرمیی بە کیێڤ بۆ بەرهەمهێنانی پاتریۆت کرد.

هەرچەندە ترەمپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە 2025 ناردنی راستەوخۆ و فەرمیی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا راگرت و پڕۆگرامی کڕینی چەکی لە لایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بۆ کیێڤ پەسەندکرد، بەڵام واشنتن وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی لە پێدانی زانیاریی هەواڵگری و دابینکردنی متمانەی مانگی دەستکردی "ستارلینک" بەردەوامە.

لەم سەردانەدا، زێلێنسکی رووبەڕووی ئەرکێکی جیاواز دەبێتەوە کە قایلکردنی ئەو دیموکراتانەیە کە هێشتا بە گومانەوە سەیری دۆخەکە دەکەن، دوای ئەوەی ڕێگریی پێشووی راستڕەوەکانی کۆمارییەکان تا رادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە گرژیی توند لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ هەیە؛ دوێنێ دووشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) بوونی هەر گفتوگۆیەکی ئەمنی سەربازیی کاتیی رەتکردەوە و رایگەیاندبوو، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر رووسیا جەنگەکە زیاتر درێژ دەکاتەوە.

چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکەی ترەمپ و زێلێنسکی، کیێڤ دەیان درۆنی ئاڕاستەی خاکی رووسیا و مۆسکۆ کردبوو، لە بەرامبەردا رووسیاش بە زیاتر لە 100 درۆن هێرشی کردە سەر بەندەری ئۆدیسا لە ئۆکرانیا.