کاروان ستوونی: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ سۆراغی حاجییە بزربووەکان

کاروانی ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە
کاروانی ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە

K24 – هەولێر:

نزیكەی 20 حاجی ھەرێمی كوردستان لە سعودییە لەكاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانیان لە سپاردووە و ژمارەیەک حاجی دیكەش تاوەکوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێت: بەردەوام دەبن لە سۆراغی حاجییە بزربووەکان.

کوردستان24، دەچێتە ماڵی یەکێک لە حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە لە سعوودیە لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گیانی سپاردووە، ناوی (سافیە حوسێن)ـی تەمەن 69 ساڵە و دانیشتووی ھەولێر بووە ئێستا کەسوکارەکەی پرسەیان بۆ داناوە و باس لەوەش دەکەن: هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیشی نەبووە.

عەبدوڵڵا حوسێن، کوڕی ئەو حاجییە کۆچکردووە و دەڵێت: لە ساڵی 2008ـەوە دایکم ناوی نووسیوە بۆ حەج کردن بەڵام ناوی نەگەڕاوەتەوە، ئەمساڵ بە ڤیزای یەک ساڵی، سەفەری سعوودیەی کرد بۆ بەجێگەیاندنی حەج و پێشتر چەند جارێک دەیگوت، لەوانەیە نەگەڕێمەوە و ئەگەر مردم با هەر لەوێ بمنێژن.

لەلایەن خۆیەوە: کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەک دەکات لە رێگەی لێژنەیەکەوە لە سعوودیە بۆ سۆراغی چارەنووسی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ستوونی، باسی لەوەش کرد: ئەوانەی گیانیان سپاردووە یان بێ سەروشوێنن، زۆرینەیان لەو حاجییانەن کە بە ڤیزای یەک ساڵیی گەشتی سعوودیەیان کردووە، بۆیە تاوەکوو ئێستا ناتواندرێت بسەلمێنرێت  ئایا بزربووەکانیش گیانیان سپاردووە، چونکە لەوانەیە لە نەخۆشخانەکاندا چارە بکرێن یان دەستگیر کرابن.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.