ئەڵمانیا: پێشبینی زیاتربوونی ژمارەی پەنابەران دەكرێت

فڕانگ یۆرگن فایس، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەڵمانیای فیدڕالی بۆ پەنابەری و كاروباری پەنابەران رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ژمارەی پەنابەران لەمساڵدا بگاتە نزیكەی 300 ھەزار پەنابەر كە روو لە وڵاتەكەیان دەكەن.

فایس ئاماژەی بەوە كرد، رەنگە رێژەی پەنابەرانی چاوەڕوانكراو نەگاتە ئەو ژمارەیەی پێشبینیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نووسینگەكەیان رووبەڕووی سەختیێكی مەزن دەبێتەوە و جەختی لەسەر ئەوە كرد " ئەگەرچی پرۆسەی گونجاندنی پەنابەران لەگەڵ كۆمەڵگای ئەڵمانی كات و پارەیەكی زۆری دەوێ، بەڵام  ئەڵمانیا ھەوڵ دەدات زۆرترین ژمارەی پەنابەران لە بازاری كاردا دابمەزرێنێ"

ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانتسان و ئەفریقیا گەیشتنە ئەڵمانیا ، لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا زیاتر لە 390 ھەزار كەس داوای پەنابەری و مانەوەیان لە وڵاتەكەی كردووە.

سەرەڕای ئەوەی بە ھۆی قەیرانی پەنابەران رێژەی لایەنگری بۆ ئەو كۆمەڵە و رێكخراوانەی دژی ھاتنی پەنابەرانن لە ئەڵمانیا زیادی كرد، بەڵام لە دوا راپرسیدا كە ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە، كەمتر لە نیوەی گەلی ئەڵمانیا ئەو سیاسەتەی كە ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری وڵاتەكەیان، بەرامبەر پەنابەران پەیڕەوی دەكات، بە سیاسەتێكی خراپ دەزانن.