جەمیل حوسێن: بەشێک لە گەشتیاران پارکەکان و شوێنە گەشتیارییەکان بە خاوێنی ڕاناگرن

بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر ڕایگەیاند، لە هەر چوار ڕۆژەی جەژنی قوربان زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی ئەم پارکەیان کردووە، بەلام بەشێک لەو گەشتیارانە شوێنە گەشتیارییەکان بە خاوێنی ڕاناگرن.

ئەمڕۆ هەینی 21ـی حوزەیرانی 2024، جەمیل حوسێن، بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەر چوار ڕۆژەی جەژنی قوربان زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی ئەم پارکەیان کردووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەبەر هاتنی زۆری گەشتیاران دەرەوەی هەرێمی کوردستان و باشوور و ناوەراستی عێراق و خەڵکی هەولێریش بەتایبەت، ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە پشووەکانی جەژندا سەردانی ئەم پارکە دەکەن، لئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زبڵێکی زۆر لەم پارکەدا کۆببێتەوە، چونکە ئەو گەشتیارانە زبڵێکی زۆر لەدوای خۆیاندا بەجێ دەهێڵن".

ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "ئێمە ڕۆژانە ئەم پارکە خاوێن دەکەینەوە، زبڵەکەش دەنێرینە دەرەوەی شاری هەولێر و دوور لە دانیشتوانی شارەکە. لە چوار ڕۆژەی جەژندا زیاتر لە 50 تۆن زبڵ و خاشاکمان هەبووە و فڕەمانداوە و پارکەکەمان لێی خاوێن کردووەتەوە".

جەمیل حوسێن، ڕاشیگەیاند، بەردەوام لەلایەن هاووڵاتییانەوە پارکەکە دەشێوێنرێت، لە دەستکاری کردنی مرەشەح و بڕینی کێبڵی کارەبا و شکاندنی تابلۆی ڕێنیشاندەر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نا هۆشیاری هەندێک لەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی پارکەکە دەکەن و داواشیان لێ دەکەین کە هەر هاووڵاتییەک سەردانی شوێنە گشتییەکان دەکات، سیمای پارک و تابلۆکانی ناو پارکەکە تێک نەدەن، چونکە جوانی و ڕێنمایی ناو پارک و باخچەکان بۆ خەڵکییە تاکو سوودی لێ ببینێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کارمەندانی ئەم پارکە لە کاتژمێر80:00 بەیانی تاکو 12:00 شەو لە ئەرکدان.