سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا: دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ حاڵەتێکی نائاسایی لە کێڵگەی کۆرمۆر رووی نەداوە و بەپێی پلانێکی داڕێژراو، پرۆسەی کارپێکردنەوەی وێستگەکان دوای کاتژمێر 12ـی شەو دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەمموزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ـی راگەیاند "هیچ حاڵەتێکی نائاساییمان لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە پێنەگەیشتووە و دۆخی کێڵگەکە جێگیرە."

سەبارەت بە هەنگاوە تەکنیکییەکان بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، پلانەکان بۆ بەرزکردنەوەی پاڵەپەستۆی گاز لە هێڵەکانی گواستنەوەی گاز دەستیپێکردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "قۆناخ بە قۆناخ پرۆسەی کارپێکردنەوەی وێستگەکان لە دوای کاتژمێر 12ـی شەو، بەپێی ئەو پلانەی کە داڕێژراوە، دەستپێدەکات و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت."

ئەمە لە کاتێکدایە وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنەوەی کارەکانی (دانا گاز)، بڕی پێویستی گاز بۆ وێستگەکان دابین دەکرێت و کێشەی کەمیی کارەبا چارەسەر دەبێت.