وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 84 کەسایەتی و کۆمپانیای لە لیستی سزاکان لادەبات

"33 کۆمپانیا و لایەنی پەیوەندیدار بە عێراق"

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری داوە ناوی 84 کەسایەتی و کۆمپانیا لە لیستی سزاکان لابدات، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر بانکەکان و رێگەدان بە دامەزراوە داراییەکان تا سەرنج بخەنە سەر مەترسیدارترین تۆڕەکانی دابینکردنی دارایی توندڕەوی.

دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی ناوی 84 کەسایەتی و کۆمپانیای لە لیستی گەمارۆ و سزاکان (SDN) لابرد، کە پێشتر لە کۆی زیاتر لە 17 هەزار ناو لە لیستەکەدا بوون. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوان بۆ کارئاسانی بۆ بانکەکان تا سەرنج بخەنە سەر گەورەترین و مەترسیدارترین پڕۆژەکانی پارەدارکردنی تیرۆر لە جیهاندا.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە مانگی ئایاری رابردووەوە پێداچوونەوەیەکی گشتگیری بۆ بەرنامەکانی گەمارۆی سەر بە وەزارەتەکەی دەستپێکرد، کە پێشتر لە چوارچێوەی قۆناخی یەکەمدا لادانی 76 ئامانجی راگەیاندبوو.

بێسێنت سەرنجی خستە سەر ئامادەیی تەواوی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتیی رووسیادا رۆزنەفت و لوکئۆیل، کە ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن لەبەر مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوای جەنگی ئۆکرانیاوە لە 2022 لە گرتنەبەری ئەم رێکارە پاشەکشەی کردبوو.

ئەفسەرێکی باڵای وەزارەتەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە نوێیە کاریگەر هێشتنەوەی گەمارۆکانە و گوتی: "گەمارۆکان بۆ ئەوە نین کە ببنە کەرەستەیەکی هەمیشەیی." لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 3000 ناو بۆ لیستەکە زیادکرابوون، لە کاتێکدا لە 2017دا تەنیا 880 ناو زیادکرابوون.

ئەم شەپۆلە نوێیەی لادانی ناوەکان لە لیستی سزاکان پێکدێت لە:

36 کەسایەتیی کۆچکردوو و مەلەفە پەیوەندیدارەکانیان.

33 کۆمپانیا و لایەنی پەیوەندیدار بە عێراقەوە کە مێژووی تۆمارکردنیان بۆ ساڵانی 1991 یان 1992 دەگەڕێتەوە لە دوای جەنگی کەنداو.

7 مۆڵگەی تێکشکاو پێوەست بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لە کۆڵۆمبیا.

8 بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر کە چالاکییەکانیان پەکخراوە.

هاوکات، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا (OFAC) داتای 22 کەسایەتی و کۆمپانیای نوێکردووەتەوە بۆ روونکردنهوەی ناونیشان، تەمەن و نەتەوەی بەکارهێنەران بە مەبەسەت کەمکردنەوەی فشار لەسەر بانکەکان، و پێداچوونەوەی بۆ 18 مەلەفی جیاواز کردووە کە بە نادروستی ناوەکانیان دووبارە ببووەوە.

وەزارەتی گەنجینە ئاشکرای کرد کە رۆژی 29ی حوزەیران ماڵپەڕێکی فەرمیی نوێیان دەستپێکردووە کە رێگە بەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە دەدات کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ لادانی ناوەکانیان لە لیستی گەمارۆکاندا.