پارێز یوسف: زۆرترین گەشتیار ڕووی لە سۆران کردووە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز ڕایگەیاند، پێشبینی زیاتر لە 50 هەزار گەشتیارمان بۆ سۆران کردبوو، بەڵام خۆشبەختانە زیاتر لەو ڕێژەیە هاتوون بۆ گەشت.

ئەمڕۆ هەینی، 21ـی حوزەیرانی 2024، پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاماری گشتی گەشتیارانمان لایە، لە یەکەم ڕۆژی جەژن تاکو ڕۆژی پێنجشەممە، لە هاوینەهەواری بێخاڵ زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار ڕوویان تێکردووە، لە جوندیان زیاتر لە 24 هەزار کەس سەردانیان کردووە، شنگلبانە نزیکەی 19 هەزار گەشتیار سەردانی کراوە.

ئەو دەڵێت، "لەو 19 هەزار کەسە هەزار و 190 گەشتیار لە شنگلبانە بۆ حەوانەوە ماوەتەوە، لەم ڕێژەیەش %60 گەشتیاری  کورد بووە %35 گەشتیاری عەرەب بووە %5 گەشتیاری بیانی بووە".

دەشڵێت: "بەو ئامارەی لەبەر دەستماندایە وەرتێش زیاتر لە 20 هەزار کەس سەردانی کردووە".

پارێز یوسف ئاماژە بەوەش دەدات کە "هەمیشە ئارەزوویان کردووە، زۆرترین گەشتیار ڕوو لە ناوچەکانیان بکات، هەروەها پێشبینی ئەوەشیان کردبوو کە زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی ئەم ناوچانەی ئەوان بکات، دەڵێت، خۆشبەختانە زیاتر لەو ڕێژەیە بۆ سەردانی کردنی دەڤەری سۆران هاتوون بەگشتی، پلانێکی باشیشمان دانابوو هیچ کێشەیەکی ئەوتۆش نەهاتووەتە پێشەوە تاکو ببێت بەگرفت و جێگای باسکردن بێت".