پارێزگای بەسرە بەدەست خراپی کارەباوە دەناڵێنن

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دانیشتووانی پارێزگاکی بەسڕە بەدەست خراپی کارەباوە دەناڵێنن، خەڵکی ئەو پارێزگایە دەڵێن، بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا لە وەرزی زستان دانیشتوون یان دەگەڕێن، بەڵام کە هاوین دەستپێدەکات ئەوکات دەست بە چارەسەرکردنی كێشەی کارەبا دەکەن، بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن چەندین ساڵە بەرپرسان بەڵێن دەدەن کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن بەڵام تا ئێستەش چارە نەکراوە، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتی متمانەی بە بەرپرسان نەمێنێت.
هاووڵاتییەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەیامم بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەیە بە وەزیری کارەبا بڵێت واز لە گەڕان و دانیشتن لە نووسینگەکەت و کۆبوونەوەکان بهێنە تۆ خەڵکی بەسڕەی، سەیری خەڵکەکەی بکە گەرما کوشتیانی و پێستیان تووشی هەستیاری بووە، لە گەرما بێزاربوون لە کارکردن دەگەڕێینەوە دەمانەوێت کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر بخەوین بەڵام ناتوانین، تا سەرەتای هاوین دەست بە چارە کردن ناکەن و لە گەرما پڕۆژە و گرێبەستەکانیان دەستپێدەکات، لە زستان دانیشتوون یان دەگەڕێن بەڵام لە هاوین کارەکانیان دەستپێدەکات. پڕۆژەیەکی شکستخواردووە و ئەگەر وەزارەتەکە هەڵبوەشێننە باشترە بۆیان.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت، "بابەتی کێشەی کارەبا ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و کێشەکان زیاتر دەبن بەتایبەتی لە پارێزگای بەسڕە کە سەروو 50 پلەی سەدی تۆمار کردووە، زۆرینەی ناوچەکان دەناڵێنن، بەڵێنەکانی حکوومەت بێ ئەنجامن و متمانە نییە لەنێوان هاووڵاتی و بەرپرسەکان. سەرەڕای بەڵێنەکان تا ئێستە باشبوونی کارەبا بەدینەکراوە و عێراق گاز لە ئێران هاوردە دەکات و پەنا بۆ وڵاتی دراوسێ دەبات، ئەو پڕۆژە وەزارییانەی ملیارانی بۆ خەرج دەکرێت نابینین ببێتە ڕاستی، تەنانەت پڕۆژە ستراتیژییەکانیش بوونیان نییە."
هەروەها کارەبا باش نییە و بەتایبەتی لە شەوان دەبڕدرێت، ئەگەر خێزانێکی گەورەت هەبێت دوو یان سێ ئەمپێر کارەبا ڕابکێشی بەلایەنی کەم مانگانە 50 بۆ 60 هەزار دیناری تێدەچێت، هەندێک خەڵک هەن ئەو پارەیان نییە و کارەبا دەبڕدرێت. کەشوهەوا خراپە و پلەی گەرما لەژێر سێبەر گەیشتووەتە 50 پلەی سەدی دەبێت لەژێر ڕۆژ چەند بێت.