پەیامنێری کوردستان24: تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە دۆزرانەوە

K24 – ڕۆچێلا:

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکەش دۆزراونەتەوە، بەڵام دیار نییە کە ئەوانەی تەرمی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن یان هی ئەفغانستان، چونکە ماوەیەک لەمەوبەر لە هەمان شوێن بەلەمێکی دیکەی پەنابەران نقومبوو کە سەرجەم سەرنشینەکانی ئەفغانی بوون.

ئەمڕۆ هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: کەمێک لەمەوبەر تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دۆزرانەوە، بەڵام تا ئێستە ناسنامەی تەرمەکان ئاشکرا نەکراوە و، دیار نییە کە ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستانن یان ئەفغانستان.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەک پێش ئێستا لە هەمان ئەو شوێنەی کە بەلەمی کۆچبەرانی کوردی لێ نقومبوو، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەرانی ئەفغانی لێ نقومبوو، بۆیە تەرمەکان تیکەڵاو بوونە، ئێستە پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ تەرمەکان دەکرێت و ئەنجامی پشکنینەکەش تا دەردەچێت کاتی پێویستە.

هاوکات دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەی هەرچی زووە لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێن و تەرمی قوربانییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەو تەرمانەشی کە ئێستە نەدۆزراونەتەوە بە زووترین کات هەوڵ بدرێت بدۆزرێنەوە.

ئاوارە هەورامی، گوتیشی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیمێکی حکوومەت و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا هەموو هاوکارییەک و خزمەتگوزارییەک پێشکەشی ڕزگاربووانی ڕووداوی تێکشکانی بەلەمەکە دەکەن، هەروەها هەموو کارئاسانییەکیش بۆ کەسوکارەکانیان دەکرێن تا بێن سەردانیان بکەن.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024) میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەروشوێنن.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداریی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێک هات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکات، هاوکات تیمێکیش ڕەوانەی ئیتاڵیا کرا.