لە ئەمەریکا بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە زیاتر لە 10 هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون

پۆلیسی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشبەرێک تەقەی لە فرۆشگایەک لە ویلایەتی ئارکانساسی ئەمەریکا کردووە و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 10 کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا دوو کارمەندی ئەمنی.

مایک هاگار، بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتەکە ڕاگەیاندووە، تۆمەتبارەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستڕێژی تەقە لەگەڵ پۆلیس بریندار بووە.

ڕووداوەکە لە دوکانی خواردەمەنی لە شاری فۆردیس ڕووی داوە کە شارۆچکەیەکی بچووکە و سێ هەزار و 200 کەسی تێدایە.

مایک هاگار گوتی: دەتوانین بیسەلمێنین کە 11 هاوڵاتی بێتاوان تەقەیان لێ کراوە و سێ کەسیان گیانیان سپاردووە، لەڕووبەڕووبوونەوەی دەستڕێژی تەقەدا دوو کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا بریندار بوون.

ئەوەشی خستە ڕوو کە دەستبەجێ پۆلیسی شارەکە بریندارەکانی ڕزگار کردووە و تۆمەتبارەکەشی دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، برینی بریندارەکان سەختەو ژیانیان لە مەترسیدایە.

Fly Erbil Advertisment