سوودانی لە بڕیارەکەی "بەرەی مقاوەمە" نیگەرانە

بڕیاری بەرەی "مقاوەمەی عێراق" بۆ كۆتاییھێنان بە ئاگربەست لەگەڵ ھێزەكانی ئەمەریكا، نیگەرانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەشێک لە سەرکردە شیعییەکانی لێ كەوتووەتەوە.
دوا ھەڵوێستی بەرەی مقاوەمەی عێراق بۆ كۆتاییھێنان بە ئاگربەست لەگەڵ ھێزەكانی ئەمەریكا، نیگەرانیی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و بەشێك لە لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لێ كەوتووەتەوە و ترسی ھەیە جارێكی دیكە گرژی و پێكدادان ڕوو بدات.
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە زاری چەند سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لەگەڵ سەركردەكانی بەرەی مقاوەمە لە پەیوەندی دان بۆ ڕێگریی لە سەرھەڵدانەوەی گرژییەكان و كەمكردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر حکوومەت و هاوسەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانە لە ھەنگاوەكانی گرووپە چەكدارەكان و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ كۆتاییھێنان بە دۆسیەی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا و لە ھەوڵدایە لایەنەكان لەو بڕیارەیان پاشگەز بكاتەوە.
ڕۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، سەرکردەکانی لایەنە شیعە میانڕەوەکان ترسیان هەیە پەرەسەندنەکە هاوکات بێت لەگەڵ گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ھەڵوێستی بەرەی مقاوەمە دەبەستێتەوە بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و ڕایگەیاند، "گەردەولوولی سێیەم و چوارەم چاوەڕێمان دەكات، ئەمجارە گەردەلوولی حەسەن نەسروڵڵایە."
بەرەی مقاوەمەی عێراق ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کۆتاییهاتنی وادەی کشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریکای لە عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵ دەدات ئەم دۆسییەیە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بەردەست، دابخات.