میران بەختیار: ئەو دوو بارانەی کۆتا وەرزی بارانبارین زیانی بە گەنمی جووتیاران گەیاندووە
![میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Jun-2024/1719077458upload_1707230602_272742560.jpeg)
K24 – هەولێر:
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپێکردووەتەوە، کە بەھۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە ڕاگیرابوو. بەرێوەبەری سایلۆی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستە نزیکەی 55 ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپیکردەوە و ئێستە سەرەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری قەزای خەباتە، ئەوان بەرھەمەکانیان گەیاندووەتە بەردەم سایلۆ، بەرھەمیان زۆر بووە بەڵام ھەمووی وەرناگیریت، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە.
جووتیاران دڵخۆشن بەو ئاسانکاریەی لە سایلۆ بۆیان کراوە، هاوکات نیگەرانن لە حکوومەتی عێراق کە ھەموو بەرھەمەکانیان لێ وەرناگرێت. تا ئێستە نزیکەی 55 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە دوو سایلۆکەی ھەولێر وەرگیراوە، بەپێی بڕیاری حکوومەتی عێراق 228 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەولێر وەردەگیرێت، هەروەها بەپێی ئەو زەویانەی چێنرابوون بە گەنم بەرھەمی ھەولێر زیاتر لە 700 تۆن دەبێت.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە نزیکەی 55 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە دوو سایلۆکەی ھەولێر وەرگیراوە، هەروەها ئاسانکاری باش بۆ جووتیاران کراوە لە ڕادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەو دوو بارانەی کۆتا وەرزی بارانبارین زیانی زۆری بە گەنمی جووتیاران گەیاندووە.